بەها ئەعرەجی بۆ رووداو: سوودانی بەهێزترین بەربژێرە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران
رووداو دیجیتاڵ
بەها ئەعرەجی دەڵێت، بەڵێنی ئەوە دراوە چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەکو خۆی بمێنێتەوە و هەر لەوێشەوە سەرۆکوەزیرانی نوێ دیاری دەکرێت. دەشڵێت، پارتی و سەرۆک بارزانی 'هاوکار و هاوبەشی سەرەکی دەبن لە کابینەی نوێدا.'
ئەمڕۆ شەممە، 15ی تشرینی دووەمی 2025، بەها ئەعرەجی، کەسایەتی نزیک لە محەممەد شیاع سوودانی و بەربژێری سەرکەوتووی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی کوتلە گەورەکەیە و لەوێوە سەرۆکوەزیرانی نوێ دیاری دەکرێت، پەیمانی ئەوەش دراوە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کابینەی نوێدا وەکو خۆی بمێنێتەوە."
گوتیشی، "بڕیارە بەم نزیکانە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوەیەک بکات و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی دیاری کردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو بکرێت."
بە گوتەی بەها ئەعرەجی، "تاوەکو ئێستا بەهێزترین بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران"، هەر محەممەد شیاع سوودانییە.
بڕیارە رۆژی سێشەممە، بۆ بەشداری کردن لە دیداری مێپس، محەممەد شیاع سوودانی سەردانی دهۆک بکات.
لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی سوودانی و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەبارەی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، بەها ئەعرەجی کە خۆی یاوەری سوودانی دەبێت لەو سەردانەدا، گوتی، "بەدڵنیاییەوە کۆبوونەوە و دیدار دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەوە نییە لە کۆبوونەوەکاندا باس لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ بکرێت."، دووپاتیشی کردەوە، "بەدڵنیاییەوە پارتی دیموکراتی کوردستان و کاک مەسعود بارزانی هاوبەش و هاوکاری سەرەکی دەبن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا."
رۆژی 11-11-2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 12-11-2025 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکەی راگەیاند.
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات، توانی 1,317,446 دەنگ بەدەستبهێنێت و ببێتە خاوەنی 46 کورسی پەرلەمانی عێراق.