عوبێدی لە سەربازگەی باشیك لەگەڵ راهێنەرە توركەكان كۆبووەتەوە

رووداو- دهۆك
ناسر نهێلی 

چوار رۆژ بەر لە هاتنی هێزەكەی توركیا بۆ سەربازگەی گوداد لە نزیك شاری مووسڵ، وەزیری بەرگریی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی سەربازگەكە كۆبووەتەوە و لەوێ‌ بە هێزەكانی حەشدی نیشتیمانی راگەیاندووە كە بە تەمای بەغدا نەبن و هاوكاریتان ناكات.

رۆژی 27ی مانگی رابردوو خالید عوبێدی، وەزیری بەرگریی عێراق كە سوننەیە و خەڵكی مووسڵە، سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، پاشان سەردانی هێزەكانی حەشدی نیشتمانی كرد لە سەربازگەی گوداد لە نزیك مووسڵ، ئەو سەربازگەیەی بەهۆی جێگیربوونی هێزێكی توركی لێی، ناوی بە نێو میدیاكانی جیهاندا بڵاوبووەوە.

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە دەست (رووداو) كەوتووە، خالید عوبەیدی دوای ئەوەی سەردانی قەزای شنگالی كرد، بە سێ‌ هەلیكۆپتەرەوە چووەتە سەربازگەكەی حەشدی نیشتیمانی لە نزیك مووسڵ.

سەرچاوەیەك لەو سەربازگەیە بە (رووداو)ی راگەیاند "خالد ئەلعو‌بێدی، وەزیری بەرگریی عێراق كە سەردانی سەربازگەكەی كرد، نزیكەی نیو كاژێر لەگەڵ ئەو راهێنەر و راوێژكارە توركانە كۆبووەوە كە لە سەربازگەكەن، پاشان لەگەڵ بەرپرسانی سەربازگەكە و هێزەكانی حەشدی نیشتیمانی كۆبووەوە".

سەرەتای ئەم مانگە هێزێكی توركیا كە بە 900 چەكدار دەخەمڵێنرێن، بە چەكی قورسەوە سنووری عێراقیان بەزاند و لە سەربازگەی گوداد جێگیر بوون، ئەمەش كاردانەوەی توندی بەرپرسانی عێراقی لێكەوتەوە، چونكە دەڵێن هێزەكە بەبێ‌ رەزامەندی حكومەتی عێراق هاتووەتە ناوچەكە.
حكومەتی عێراق مۆڵەتی 48 كاژێری دایە ئەو هێزە تا لەخاكی عێراق بكشێتەوە، بەڵام مۆڵەتەكە كۆتایی هات و هێزەكە هەر لە شوێنی خۆیەتی.

عەمید روكن محەممەد یەحیا، بەرپرسی سەربازگەی حەشدی نیشتیمانی لە نزیك شاری مووسڵ سەردانی وەزیری بەرگریی عێراقی بۆ سەربازگەكە پشتڕاست كردەوە و بە (رووداو)ی گوت "وەزیری بەرگریی عێراق لەگەڵ ئێمە كۆبووەوە، ئێمەش داوامان لێكرد كە بەغدا زیاتر هاوكاریمان بكات، چونكە بەغدا بەهیچ شێوەیەك لە ئێمە ناپرسێتەوە و تاوەكو ئێستا فیشەكێكی بۆ نەناردووین".

بەڵام رەتیكردەوە كە خالید عوبێدی لە سەربازگەكە لەگەڵ راوێژكاران و راهێنەرە توركەكان كۆبووبێتەوە و گوتی "عوبێدی تەنیا لەگەڵ ئێمە كۆبووەوە، زۆر بە راشكاوانەش پێیگوتین بەغدا هاوكاریتان ناكات".