دادگەى فیدراڵى دواى شەش ساڵ بەرپرسێکى حکومەتى عێراقى دوورخستەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لەسەر بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵى، ئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، سەرۆکى فەرمانگەى یاسایی ئەمیندارێتییەکەی لە پۆستەکەى دوور دەخاتەوە لە دواى شەش ساڵ لە وەرگرتنى ئەو پۆستە. 
 
بەگوێرەى نووسراوێکى ئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، کە لە 13 کانوونى یەکەمى 2023 دەریکردووە، نەجیب شوکر مەحموود، لە  پۆستى سەرۆکى فەرمانگەى یاسایی ئەو ئەمیندارێتیە لادراوە و لە برى ئەو کازم کەریم، جێگرى یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتیى بە وەکالەت بەشێوەیەکى کاتى ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات تاوەکو ئەوکاتەى بەڕێوەبەرێکى گشتى بۆ ئەو فەرمانگەیە دیاری دەکرێت.
 
بەگوێرەى نووسراوەکە، ئەو بڕیارە لەسەر بنەماى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵى بووە.
 
بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، لەسەر بنەماى سکاڵایەک بووە کە فەیسەڵ نائیلی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا پێشکێشی دادگەى کردبوو و  داوای کردبوو بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە 8ى ئادارى 2017 بە نادەستووریى بناسێنێت، بۆ ئەوەى شاکر مەحموود بکرێتە سەرۆکى فەرمانگەى یاسایی لە ئەمیندارێتى گشتى ئەنجوومەنى وەزیران و سەرجەم ئەو پارانەى لێ وەربگیرێتەوە کە لە رۆژى دەرچوونى بڕیارى دەستبەکاربوونى پێى دراوە.
 
دادگەى فیدراڵى لە 12ى کانوونى یەکەم بەشى یەکەمى سکاڵاکەى پەسند کردووە و بڕیاریداوە لەو رۆژەوە کۆتایی بە دەسەڵاتى شاکر مەحموود بهێندرێت، بەڵام بەشی دووەمى سکاڵاکەى رەتکردووەتەوە، کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەى ئەو پارانەى لەو شەش ساڵەدا پێى دراوە.