دادگەى فیدراڵی: نابێت کاری پەرلەمانی عێراق پەکبخرێت
رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دەڵێت، دەبێت لە یەکەم کۆبوونەوەى پەرلەمانی عێراقدا سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، ئەوەش دوای ئەوەی کە بە هەر هۆکارێک ئەو پۆستە چۆڵ بوو؛ ئاماژە بەوەش دەکات، نابێت کۆبوونەوەکانى پەرلەمان پەکبخرێن بە پاساوى ئەوەى پۆستەکە چۆڵە.
رۆژی 14ى کانوونى یەکەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق راڤەیەکى بۆ مادەى 55ى دەستوورى عێراق بڵاوکردەوە، کە تایبەتە بە هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان و دوو جێگرەکەى. ئەو داواکاریی راڤەکردنەش لەلایەن موحسین مەندەلاوى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمانەوە ئاڕاستەى دادگەکە کرابوو.
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق ئاماژەى بەوە کردووە، راڤەی بۆ ئەو مادەیە ئەوەیە کە لە بڕگەى سێى مادەى 12ى پەیڕەوى نێوخۆى پەرلەماندا ئاماژە بە چارەسەرکردنى چۆڵبوونى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان دراوە.
ئەو بڕگەیە باس لەوە دەکات، ئەگەر پۆستى سەرۆکى پەرلەمان یان یەکێک لە جێگرانى بە هەر هۆکارێک چۆڵ بوو، پەرلەمان بە زۆرینەى رەها جێگرەوەیان بۆ دادەنێت لە یەکەم کۆبوونەوەدا کە دەیکات بۆ پڕکردنەوەى ئەو چۆڵبوونە، ئەوەش بەگوێرەى هاوسەنگى سیاسی لە نێوان فراکسیۆنەکاندا.
دادگەى باڵاى فیدراڵى ئاماژەى بەوەشداوە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆى هەیە دەرگاى خۆ بەربژێرکردن تەنیا بۆ ئەو دانیشتنە بکاتەوە، کە سەرۆکى پەرلەمانى تێدا هەڵدەبژێردرێت بۆ یەکلاکردنەوەى پرسی هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان لەکاتێکى گونجاودا و درێژنەکرێتەوە و ناشکرێت هیچ خۆبەربژێرکردنێکى نوێ وەربگیرێت لەدواى ئەنجامدانى دەنگدان.
لە راڤەکەى دادگەى فیدراڵیدا هاتووە، سەرۆکى پەرلەمان بە دەنگى زۆرینەى رەها هەڵدەبژێردرێت لەو کۆبوونەوەیەى بەربژێرکردنەکە رادەگەیێندرێت یان لە کۆبوونەوەکانى دواتر لە نێو ئەو پەرلەمانتارانەى لە کۆبوونەوەیەکى یەکەمدا خۆیان بەربژێر کردووە، جگە لەوانەى کە لە خۆ بەربژێریکردن دەکشێنەوە.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆ، سەرۆکى پەرلەمان بەدەنگى نیوە کۆ یەکى ئەو ئەندامانە هەڵدەبژێردرێت کە لە کۆبوونەوەکە ئامادەن لە دواى ئامادەبوونى رێژەى یاسایی پەرلەمانتاران."
بۆ کۆبوونەوەى هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان پێویستە نیوە کۆیەکى ئەندامانى پەرلەمان ئامادە بن، واتە زیاتر لە 165 پەرلەمانتار.
دادگەى فیدراڵى لە راڤەکەیدا رایگەیاندووە، دەبێت پەرلەمان بەردەوام بێت لەکارەکانى لەو وەرزى یاسادانانەدا، کۆبوونەوەکانى بەسەرۆکایەتیی یەکێک لە دوو جێگرەکەى بکات تاوەکو سەرۆکى نوێ هەڵدەبژێردرێت و ناشبێت هەڵنەبژاردنى سەرۆکێکى نوێ پاساو بێت بۆ پەککەوتنى کارى پەرلەمان.
لە 14ى تشرینى دووەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق کۆتایی بە ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی هێنا لە پەرلەمان، کە هاوکات سەرۆکى پەرلەمان بوو، بەهۆیەوە ئەو پۆستە لەو کاتەوە چۆڵە.
بڕیار بوو رۆژى چوارشەممە، 13ى کانوونى یەکەمی 2023 پەرلەمان کۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان، بەڵام ئەو کۆبوونەوەیە بۆ کاتێکى نادیار دواخرا.