لایەنگرانى رەوتى سەدر دروشم دژ بە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەڵێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لایەنگرانى رەوتى سەدر لە نەجەف دروشم دژ بە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان دەڵێنەوە. رەوتەکە بەشداری لە هەڵبژاردنەکە ناکات، دەیەوێت لایەنگرانى بایکۆتى بکەن.
موئەیەد حەیدەر، لایەنگرى رەوتى سەدرە و دەڵێت، "ئەمڕۆ هاتوینەتەدەر بۆ ئەوەى بۆ گەلى عێراقى بسەلمێنین کە ئەم شانۆگەرییە، شانۆگەرى هەڵبژاردنى گەندەڵە، بۆچى گەندەڵە؟ چونکە زۆربەى ئەو پارتانەى کە لە دواى 2003وە تاوەکو ئێستا بەشدارن، هەر ئەوانەن خۆیان بەربژێرکردووە".
لە ساڵى 2022 موقتەدا سەدر، سەرۆکى رەوتەکە بایکۆتى پرۆسەى سیاسى کرد، داواى لەلایەنگرانیشی کرد هەمان هەنگاو بنێن و بەشدارىی هەڵبژاردن نەکەن.
رۆژی 14-12-2023، موقتەدا سەدر خۆى لە 12 ئەندامى رەوتەکەى بێبەریکرد کە بۆ ئەو هەڵبژاردنە خۆیان بەربژێر کردووە و ئامادە نەبوون بکشێنەوە.
ریاز حەیدەرى، لایەنگرى رەوتى سەدر دەڵێت، "ئەم خۆپێشاندانەمان بۆ بایکۆتکردنى ئەم هەڵبژاردنە گەندەڵەیە، کە بازنەیەکى زیادەیە لەسەر گۆشت و قووتى گەلى عێراقى دەژین کە هیچ خێرێکمان لێ نەبینین".
رۆژی 15-12-2023، بانگەشەى هەڵبژاردن راگیرا بەر لە رۆژێک لە دەستپێکردنى دەنگدانى تایبەت بۆ ئەو هەڵبژاردنە.
38 هاوپەیمانێتى و 28 پارت بەشدارى لەو هەڵبژاردنەدا دەکەن، پێنج هەزار و 904 کەس خۆیان بەربژێر کردووە بۆ بەدەستهێنانى 285 کورسی ئەنجوومەنى پارێزگا لە 15 پارێزگاى عێراق.
حوسەین سولەیمان، هاووڵاتییەکی عێراقیە و دەڵێت، "ئەمڕۆ پارتە گەورەکان هەژموونى گۆڕەپانى سیاسیان کردووە، بە دڵنیاییەوە ئەنجوومەنى پارێزگاکان سەر بە سەرۆکى کوتلە سیاسیەکان دەبن، کە 20 ساڵە کارەکانیان ناسراوە".
زیاتر لە 16 ملیۆن هاوڵاتى عێراقى مافى دەنگدانیان هەیە لەو هەڵبژاردنە، زیاتر لە یەک ملیۆنیان دەنگدەرى تایبەتن، بڕیارە دەنگدانى گشتى لە 18ـی کانوونى یەکەم بکرێت.