کارکردن بە یاسای بودجەى عێراق رادەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵی نوێوە کارکردن بە دەقەکانی یاسای بودجەی گشتیی عێراق رادەگیرێت و خەرجکردنی پارەش بۆ هەندێک لە پڕۆژەکان بەستراوە بە دەستبەربوونی پارە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی خولی پێنجەم دەڵێت، ئەم رێکارە ئاماژەیە بۆ بوونی کێشەی نەختینە.
ئەو رێکارە بەگوێرەی نووسراوێک بووە، کە لە 9ی کانوونی یەکەمی 2025 لەلایەن تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقەوە ئاراستەی وەزارەتەکان کراوە لەبارەی خەرجییەکان لە ساڵی 2026 تاوەکو یاسای نوێی بودجە پەسند دەکرێت.
رووداو دەقی ئەو نووسراوەی دەستکەوتووە کە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، لە مانگی کانوونی دووەمی 2026 خەرجییەکانیان دەبێتە یەک لەسەر دوازدەی تێکڕای خەرجیی کرداری بۆ خەرجیی رەوانی ساڵی 2025، تاوەکو ئەو کاتەی بودجەی 2026 پەسند دەکرێت. دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەیی یان کرێی رۆژانە لەلایەن وەزارەتەکانەوە، رادەگیرێت.
بەگوێرەی نووسراوەکە، لە یەکی کانوونی دووەمی 2026ـەوە کارکردن بە سەرجەم دەقەکانی نوێی یاسای گشتیی 2023-2024-2025 رادەگیرێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە دووری زانی ئەو راگرتنە کێشە بۆ بودجەی هەرێمی کوردستان دروست بکات، بەو پێیەی رێککەوتن کراوە و حکومەت ناچارە داهات کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی مووچە بدرێت.
جەمال کۆچەر بە تۆڕى میدیایی رووداوی رایگەیاند: "راگرتنی ئەو دەقانەی یاسای بودجە بۆ خەرجکردنی پارەیە بۆ ئەو پڕۆژانەی کە لە یاساکەدا هاتوون و جێبەجێ نەکراون، یان بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و چەند پرسێکی دیکەی داراییە".
بڕیارەکەی وەزیری دارایی عێراق هەموو وەزارەتەکانی ناچار کردووە لیستی خەرجییەکانی مووچەی فەرمانبەرانیان بۆ مانگی کانوونی دووەمی 2026 لەگەڵ بڕی لێبڕینی خانەنشینی بنێرن بۆ یەکەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی، ئەگەر ئەو لیستانە هەڵەیەکی تێدابێت، سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان بەرپرسیارێتیی هەڵەی نێو ئەو لیستانە لەئەستۆ دەگرن.
بەشێکی دیکەی نووسراوەکە تایبەتە بە خەرجیی پارەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، کە جێبەجێکراون یان لە قۆناخی جێبەجێکردندان، ئەوەش لەدوای دڵنیابوونەوەی ئەوەی پارەی پێویست لەبەردەستدایە.
جەمال کۆچەر دەڵێت: "ئاماژەدان بە مەرجی هەبوونی پارەی پێویست، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ کێشەی کەمیی نەختینەی هەیە".
دوایین راپۆرتی خەرجی و داهاتی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کە بۆ مانگی ئەیلوول بووە، دەریخستووە تاوەکو ئەو کاتە خەرجییەکانی وەبەرهێنان و بەگەڕخستن مانگانە زیاتر لە 11 تریلیۆن دینار بووە.