گوتارخوێنی نەجەف: ئەزهەر شیعەبوونی خۆی رادەگەیێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی گەورەی نەجەف پێیوایە، ململانێی ئێستای نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران شەڕێکی ئابووری و کێبڕکێ لەسەر نەوت نییە، بەڵکو "شەڕی بیروباوەڕە". دەشڵێت، زانکۆی ئەزهەر دەبێتە شیعە.
 
سەدرەدین قەبانجی، گوتارخوێنی نەجەف لە گوتاری نوێژی هەینیدا رایگەیاند، "رۆژئاوا لە شکستی راستەقینەدایە، کە خۆی لە تێکشانی فکری مادی و داڕمانی شارستانییەتی ئەهریمەن دەبینێتەوە."
 
قەبانجی ئاماژەی بەوە کرد، "سیاسەتی هەژموونخوازی بەسەر گەلاندا لە ئاستی جیهانیدا رەتکراوەیە و ئێران خاوەنی هێزی راستەقینەیە، کە بریتییە لە گەلێکی بڕوادار و ئامادە بۆ شەهیدبوون، لەگەڵ سەرکردایەتییەکی عەلەوی و حوسێنی." دووپاتیشی کردەوە، "ئەم شەڕە تەنیا دژی ئێران نییە، بەڵکو دژی هەموومانە و ئێمەش وەک گەلی ئێران پەیوەندیدارین پێوەی."
 
گوتارخوێنەکەی نەجەف دەڵێت، "پێشبینییەکانمان دووپاتی دەکەنەوە کە شکستێکی گەورە چاوەڕێی زلهێزەکانی جیهان دەکات و قەوارەی زایۆنیش لە نێوخۆوە تووشی داڕمان دەبێت."
 
سەدرەدین قەبانجی پێشبینییەکی مشتومڕاوی کرد و گوتی، "لە ئاییندەیەکی نزیکدا زانکۆی ئەزهەر شیعەبوونی خۆی رادەگەیەنێت."
 
ئەو قسەیەی قەبانجی لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە، شێخی ئەزهەر رایگەیاندبوو، "شیعەکان بران و پێویستییان بە هیچ بەڵگەنامەیەک نییە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە بەشێکی ئازیزن لە ئۆمەتی ئیسلامی."
 
بە بڕوای گوتارخوێنەکەی نەجەف. "کەسانێک هەن بە ئاشکرا شیعەبوونی خۆیان رادەگەیێنن و هەندێکی دیکەش بە نهێنی هێشتوویانەتەوە."