20ـی مانگ دواڕۆژی تانەی بەربژێرانی سەرۆککۆمارە؛ "دەکرێت سکاڵا دژى بەربژێران تۆمار بکرێت"
رووداو دیجیتاڵ
ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دوا وادەی تانەدانە لە دوورخستنەوەی بەربژێرانی پۆستی سەرۆککۆمار، بەگوتەی ئەندامێکی لیژنەی یاسایی خولی پێشووی پەرلەمان، دەکرێت تانە لە بەربژێرە پەسندکراوەکانیش بدرێت.
پەرلەمانی عێراق 14ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوی 15 بەربژێری پەسندکراوی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بڵاوکردەوە، لەنێو 81 کەس کە داواکاریی بەربژێربوونیان پێشکێش کردبوو.
بەگوێرەی رێکارە دەستوورییەکان، ئەو بەربژێرانەی دوورخراونەتەوە سێ رۆژیان لەبەردەستە بۆ پێشکێشکردنی تانە بە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لە بارەی بڕیاری دوورخستنەوەیان.
سەباح باوی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: ئەو سێ رۆژە لە یەکشەممەوە دەستپێدەکات تاوەکو سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026.
بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان، دوای پێشکەشکردنی سکاڵای بەربژێرانی دوورخراو، دەبێت دادگەی باڵای فیدراڵی لەماوەی سێ رۆژدا تانەکان یەکلا بکاتەوە.
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی رایگەیاند، دەکرێت سکاڵا لە دژی شیاویی هەر بەربژێرێکی سەرۆککۆمار لە دادگەی باڵای فیدراڵی تۆمار بکرێت کە پەسند کراوە.
یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە 29ـی کانوونی یەکەم 2025 کرا، بەگوێرەی رێکارە دەستوورییەکان دەبێت سەرۆککۆمار لەماوەی 30 رۆژ لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.
دارا سێکانیانی رایگەیاند: "ئەو 30 رۆژەی دیاری کراوە، ئەوەی روون نەکردووەتەوە کە 30 رۆژی کارکردنە، بۆیە کار بە 30 رۆژی رۆژژمێری دەکرێت."