نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە عەلی سیستانی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە عەلی سیستانی دەکات بەبۆنەی کۆچی دوایی براکەیەوە و دەڵێت، هاوبەشی خەمیانین.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی برای جەنابی مەرجەعی باڵای ئایینی، ئایەتوڵڵای عوزما سەید عەلی سیستانی، خوالێخۆشبوو ئایەتوڵڵا سەید هادی سیستانی-مان پێگەیشت."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەبۆنەی ئەم کۆستە بەژانەوە، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵ و هاوخەمیی راستگۆیانەی خۆمان ئاراستەی جەنابیان و بنەماڵە بەڕێز و سەربەرزەکەیان دەکەین، هاوبەشی خەمیانین."
بەگوێرەی زانیارییەکان، سەید هادی سیستانی، کە برا بچووکی عەلی سیستانی-یە، یەکێک بوو لە مامۆستایانی حەوزەی عیلمی، دەمێک بوو نەخۆش کەوتبوو، ئەمڕۆ هەینی لە نەخۆشخانەیەکی شاری قوم کۆچی دواییکردووە.
پێشتر و لە رۆژی 23-12-2025 ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لە نامەیەکدا بۆ براکەی، نیگەرانی خۆی لە تێکچوونی دۆخی تەندروستی سەید هادی دەربڕیبوو و تێیدا نووسیبووی: "هەواڵی نەخۆشکەوتنتان بووە هۆی نیگەرانی و دڵتەنگی ئێمە، لەم رۆژانەدا بەردەوام پرسیاری تەندروستیم کردووە و دوعای چاکبوونەوەتان بۆ دەکەم."
شیعەکان لە وەسفی سەید هادی سیستانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویانە، "سەید هادی سیستانی، زانایەکی ئایینی دیاری شیعە و کەسایەتییەکی ناسراوی شاری نەجەف بوو. بە سادەیی و بێفیزی ناسرابوو و رۆڵێکی دیاری هەبوو لە پاراستنی عەقیدە و مەزهەبدا."