دەزگای هەواڵگریی عێراق هاووڵاتییەکی رفێندراوی لە ئێران ئازاد کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، هاووڵاتییەکی عێراقییان بەناوی 'حوسێن تەها یاسین' لە ئێران ئازاد کردووە، کە لەلایەن باندێکی تاوانکارییەوە رفێندرابوو و لە بەرامبەر ئازادکردنیدا داوای پارەیان لێدەکرا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەزگاکە، ئۆپەراسیۆنەکە بەپێی زانیاریی وردی هەواڵگری و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە ئەمنییەکانی ئێران ئەنجامدراوە. هێزەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی دەستبەسەرکردنەکە، رفێندراوەکەیان ئازاد کردووە و ژمارەیەک لە رفێنەرەکانیان دەستگیر کردووە.
 
دەزگای هەواڵگریی عێراق، ئۆپەراسیۆنەکەی بە "نموونەی شێوازی کاری جیهانی و هاوئاهەنگیی ئەمنیی نێودەوڵەتی" وەسف کرد.
 
رۆژی 7ی مانگی 12ی 2026، سەرۆک هۆزێک لە سنووری بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، دوو گەنجی خەڵکی پارێزگاکە لە ئێران رفێندراون. یەکێک لە گەنجەکان ناوی حەسەن کەعبی بوو کە بە گوتەی شێخ ئەسعەد کەعبی، سەرۆکی هۆزی رفێنراوەکە، "بۆ مەبەستی بازرگانی و بژێویی ژیانی" سەردانی ئێرانی کردبوو.
 
بەر لە ئازادکردنی، وسام تەها، کە دەکاتە برای حوسێن تەها، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا داوای کرد براکەی رزگار بکرێت و گوتی، رفێنەران داوای 20 هەزار دۆلاریان کردووە و "ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانیان بۆ ناردووین."
 
وسام گوتیشی، "براکەم بۆ زیارەتی مەزارە ئایینییەکان چووەتە ئێران و دواتر چووە باکووری وڵاتەکە، لەوێ لەلایەن باندێکەوە رفێندرا."