پاسپۆرتی عێراق هێشتا لەنێو لاوازترینەکانی جیهاندایە

 
رووداو دیجیتاڵ

پاسپۆرتی عێراق ئەم ساڵیش لەنێو لاوازترین پاسپۆرتەکانی جیهاندایە، ئەمەش بەپێی نوێترین ریزبەندیی هێنلی پاسپۆرت بۆ ساڵی 2026. 
سەرەڕای کەمێک باشتربوونی لە ریزبەندییەکەدا، بەڵام ژمارەی ئەو وڵاتانەی هاووڵاتییانی عێراق دەتوانن بێ ڤیزە سەردانی بکەن کەمیکردووە. پاسپۆرتەکانی سووریا و ئێرانیش دابەزینیان بەخۆوە بینیوە.
 
عێراق: باشبوون لە ریزبەندی، خراپبوون لە گەشتکردن
 
لەسەر ئاستی 101 وڵاتی پلەبەندکراو، پاسپۆرتی عێراق لە ریزبەندیی 99ـەمی جیهاندایە، واتە سێیەم خراپترین پاسپۆرتی جیهانی هەیە.
 
هاووڵاتییانی عێراق دەتوانن بەبێ ڤیزە یان بە ڤیزەی دوای گەیشتن، سەردانی تەنیا 29 وڵات بکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ساڵی 2025، هاووڵاتییانی عێراق دەیانتوانی سەردانی 31 وڵات بکەن و پاسپۆرتەکەیان لە پلەی 104ـەمدا بوو.
 
لەنێو 21 وڵاتی عەرەبیشدا، پاسپۆرتی عێراق لە پلەی 20ـەم دێت.
 
سەرەڕای پێشکەوتن لە ریزبەندییەکەدا، توانای گەشتکردنی عێراقییەکان کەمیکردووە، کە نیشاندەری بەردەوامیی کێشە دیپلۆماسی و گەشتیارییەکانە بۆ هاووڵاتییانی عێراق.
 
سووریا: هێشتا لە کۆتایی ریزبەندییەکەدایە
 
پاسپۆرتی سووریا وەک یەکێک لە لاوازترینەکانی جیهان ماوەتەوە و لە ریزبەندیی 100ـەمدایە، کە بەبێ ڤیزەی پێشوەخت، رێگە بە گەشتکردن بۆ تەنیا 26 وڵات دەدات، ئەمەش کەمترە لە ساڵی رابردوو کە 27 وڵات بوو و پاسپۆرتەکەیان لە پلەی 105ـەمدا بوو.
 
ئەم گۆڕانکارییە بچووکە رەنگدانەوەی بەردەوامیی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی و کاریگەریی درێژخایەنی ململانێ و سزاکانە.
 
ئێران: دابەزینێکی بەرچاو
 
پاسپۆرتی ئێران دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لە ساڵی 2026ـدا، ئێران لە ریزبەندیی 92ـەمدایە و بەبێ ڤیزەی پێشوەختە، رێگە بە گەشتکردن بۆ 40 وڵات دەدات، بە بەراورد بە 44 وڵات لە ساڵی 2025ـدا کە لە پلەی 96ـەمدا بوو.
 
ئەم دابەزینە کاریگەریی تووندکردنەوەی یاساکانی ڤیزە و گرژییە جیۆسیاسییەکانی لەسەر ئازادیی گەشتکردنی هاووڵاتییانی ئێرانی نیشان دەدات.
 
تورکیا: جێگیرە، بەڵام کەمێک دابەزیوە
 
تورکیا لە ئاستێکی مامناوەندی جیهانیدا ماوەتەوە، بەڵام ئەویش کەمبوونەوەی لە ژمارەی ئەو وڵاتانەدا بەخۆیەوە بینیوە کە بەبێ ڤیزە دەتوانێت سەردانیان بکات. لە ساڵی 2026ـدا، تورکیا لە ریزبەندیی 46ـەمدایە و رێگە بە گەشتکردن بۆ 113 وڵات دەدات، کە ساڵی رابردوو 116 وڵات بوو، لە کاتێکدا هەمان پلەی لە ریزبەندییەکەدا پاراستووە.
 
ئەم ئامارانە جێگیریی رێژەیی لە بەهێزیی پاسپۆرتی تورکیادا نیشان دەدەن، سەرەڕای کەمێک کەمبوونەوە لە توانای گەشتکردندا.
 
وێنەی گشتیی ناوچەکە
 
لە کاتێکدا وڵاتانی کەنداو لە ریزبەندییە جیهانییەکاندا لە پلەی بەرزدان، ئەو وڵاتانەی رووبەڕووی ململانێ، سزا یان ناسەقامگیریی سیاسی بوونەتەوە، لە کۆتایی ریزبەندییەکەدا ماونەتەوە.
 
بەهێزترین پاسپۆرتەکانی جیهان و ژمارەی ئەو وڵاتانەی پێویست بە ڤیزە ناکات:
 
یەکەم: سەنگاپوور (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 192 وڵاتی جیهان بکەن)
 
دووەم: ژاپۆن و کۆریای باشوور (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 188 وڵاتی جیهان بکەن)
 
سێیەم: دانیمارک لۆکسمبۆرگ، ئیسپانیا، سوێد و سویسرا (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 186 وڵاتی جیهان بکەن)
 
چوارەم: نەمسا، بەلجیکا، فینلاند، فەرەنسا، ئەڵمانیا، یۆنان، ئایرلاند، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و نەرویج (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 185 وڵاتی جیهان بکەن)
 
پێنجەم: هەنگاریا، پۆرتوگال، سلۆڤاکیا، سلۆڤینیا و ئیمارات (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 184 وڵاتی جیهان بکەن)
 
شەشەم: کرواتیا، چیک، ئیستۆنیا، ماڵتا، نیوزیلاند، پۆڵاند (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 183 وڵاتی جیهان بکەن)
 
حەوتەم: ئوسترالیا، لاتڤیا، لیشتنشتاین و بەریتانیا (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 182 وڵاتی جیهان بکەن)
 
هەشتەم: کەنەدا، ئایسلاند و لیتوانیا (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 181 وڵاتی جیهان بکەن)
 
نۆیەم: مالیزیا (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 180 وڵاتی جیهان بکەن)
 
دەیەم: ئەمریکا (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 179 وڵاتی جیهان بکەن)
 
لاوازترین پاسپۆرتەکان جیهان:
 
یەکەم: ئەفغانستان (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 24 وڵاتی جیهان بکەن)
دووەم: سووریا (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 26 وڵاتی جیهان بکەن)
 
سێێەم: عێراق (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 29 وڵاتی جیهان بکەن)
 
چوارەم: یەمەن و پاکستان (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 31 وڵاتی جیهان بکەن)
 
پێنجەم: سۆماڵ (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 33 وڵاتی جیهان بکەن)
 
شەشەم: نیپاڵ (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 35 وڵاتی جیهان بکەن)
 
حەوتەم: بەنگلادش (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 37 وڵاتی جیهان بکەن)
 
هەشتەم: ئێریتریا، کۆریای باکوور و فەڵەستین (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 38 وڵاتی جیهان بکەن)
 
نۆیەم: لیبیا و سریلانکا (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 39 وڵاتی جیهان بکەن)
 
دەیەم: ئێران (هاووڵاتییانی بەبێ ڤیزە دەتوانن سەردانی 40 وڵاتی جیهان بکەن)