هادى عامرى کوڕى سەرۆکى دادگەى باڵای فیدراڵى بۆ پۆستى پارێزگارى دیالە بەربژێر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری رێکخراوی بەدر رایگەیاند، بڕیاریانداوە ئەحمەد عمێرى وەک بەربژێرى یەکلاکەرەوە بۆ پۆستى پارێزگارى دیالە دیاری بکەن، کە کوڕى سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراقە، ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگا دەڵێت: "زۆرینەى لایەنەکان کۆکن لەسەر ئەو بەربژێرە، بەڵام لایەنگرانى پارێزگارى پێشوو ناڕازیین".
هادى عامرى، ئەمیندارى رێکخراوى بەدر رایگەیاند، بڕیاریانداوە ئەحمەد عمێری بکەنە بەربژێرى پۆستى پارێزگارى دیالە وەک بەربژێرى یەکلاکەرەوە لە نێوان لایەنەکان.
لە دواى پەسندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگان تاوەکو ئێستا سێ جار هەوڵى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە بۆ کۆبوونەوە و هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەن و پارێزگارى شارەکە شکستى هێناوە، ئەویش بەهۆى ئامادەنەبوونى رێژەى یاسایی ئامادەبوونى ئەندامانەوە.
رۆژی 16ى شوباتی 2024، ئەوس مەهداوى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو بەربژێرەى کە هادى عامرى رایگەیاندووە، کوڕى جاسم عمێرى، سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراقە و خەڵکى ناحیەى وەجیهیەى سەر بە قەزاى شارەبانە و لەدایکبووى ساڵى 1996ـە، بڕوانامەى لە یاسادا هەیە."
ئەوس مەهداوى گوتیشى: "زۆربەى لایەنە سیاسییەکان رازین لەسەر بەربژێرکردنى ئەحمەد عمێرى، بەڵام لایەنگرانى موسەنا تەمیمى پارێزگارى ئێستاى شارەکە لە دژى ئەو بڕیارەن".
دوایین کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا کە شکستى هێنا بۆ هەڵبژاردنى پارێزگار و سەرۆکى ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، لە 12ى ئەم مانگە بوو، کە تێیدا شەش ئەندام ئامادە بوون، لەکاتێکدا بۆ هەر کۆبوونەوەیەکى ئەنجوومەنەکە پێویستە هەشت ئەندام ئامادەبن.
پۆستى پارێزگار ناکۆکى خستبووە نێوان لایەنە براوەکانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە، بەشێکیان لەگەڵ ئەوەن مووسەنا تەمیمى، پارێزگارى ئێستا پۆستەکەى وەربگرێتەوە و بەشێکى دیکەى ئەندامانى ئەنجوومەن لەدژى بوون.
هادى عامرى کە هاوکات سەرۆکى هاوپەیمانى نەبنی یە، کە سەرجەم لایەنەکانى نزیک لە حەشدی شەعبی تێیدا ئەندامن، ئاماژەى بەوەداوە، ئەو بڕیارەیان بەهۆى ئەو داخرانە سیاسیى و دابەشبوونە بووە کە لە نێو ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە دروستبووە، کە بوونەتە دوو بەشەوە و دەڵێت: "ئەو بڕیارە لە پەرۆشیمان بووە بۆ سەقامگیرى پارێزگاى دیالە و نەگەڕانەوە بۆ چوار گۆشەی یەکەم".
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، لیستى دیالەتوتا، کە زۆرینەى لایەنە شیعەکان تێیدا بەشداربوون، چوار کورسییان بەدەستهێنا، لیستەکانى دیکەى عەرەبی سوننە کە سیادە و تەقەدوومن شەش کورسییان بەدەستهێنا، یەکێتیش کورسییەکی بەدەستهێناوە، بۆ هەڵبژاردنى پارێزگا پێویستە هەشت ئەندام ئامادەى دانیشتنەکە بن و دەنگى پێ بدەن.
هادى عامرى هیواى خواست، کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان پاڵپشت بن بۆ تێپەڕاندنى ئەو "ئەرکە قورسە" .