فارس عیسا: پێویستە کورد یەک بەربژێری هاوبەشی بۆ سەرۆککۆماری عێراق هەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا یەکدەنگیی کورد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بە پێویست دەزانێت و دەشڵێت، ''لەگەڵ لایەنی فیدراڵی لەسەر هێڵین، بۆ ئەوەی مووچە لەکاتی خۆیدا بنێردرێت.''
 
ئەمڕۆ دووشەممە 16-02-2026 فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەبارەی پرسی مووچە و یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق وەڵامی پرسیارەکانی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
 
فارس عیسا رایگەیاند، کاری لەپێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەرەنتیکردنی مووچەی خەڵک دەبێت، ''ئێمە بەردەوام لەگەڵ لایەنی فیدراڵی لەسەر هێڵین، بۆئەوەی مووچە لەکاتی خۆیدا بنێردرێت.''
 
رۆژی 10ی شوبات وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2026 خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان. ئەوەش لەکاتێکدا هێشتا مووچەی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی پار نەنێردراون.
 
 
بە گوتەی سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەت لە بەغدا، هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی وەک هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی سۆمۆ، رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ، ناردنی تەرازووی پێداچوونەوە و لیستی مووچەی جێبەجێکردووە، ''تەنیا ئەوە ماوە کە لایەنی فیدراڵی هەمان مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرانی بکات کە لەگەڵ فەرمانبەر و دامەزراوەکانی خۆی هەیەتی.''
 
''پێویستە کورد بەربژێرێکی هاوبەشی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق هەبێت''
 
تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێکنەکەوتوون. لە بەشێکی قسەکانیدا فارس عیسا گوتی، ''سەرۆککۆمار پشکی کوردە و بێگومان پێویستە هەموو کورد لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێکبکەون کە لێرە (بەغدا) نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان بکات.''
 
رۆژی 11-02-2026 سەرۆک بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە و بەپێی زانیارییەکان، رۆژانی داهاتوو جارێکی دیکە سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی دەکات و کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی دەکەن.
 
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەت لە بەغدا ئەوەشی خستەڕوو، ''بەرەپیشچوونی باش [لەنێوان یەکێتی و پارتی] هەیە بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت و جەنابی سەرۆک بارزانیش وەک لێڤەگەڕی باڵای کوردستان، تاک (شەخس) و پۆستی بۆ گرنگ نییە، بەڵکو بنەمای بۆ گرنگە.''
 
فارس عیسا جەختی لەوە کردەوە، پێویستە کورد بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆککۆماری عێراق یەکدەنگ بن و ''ئەو کەسەی کە لە بەغداش دەبێت، چی سەرۆککۆمار، وەزیر یان پەرلەمانتار، تەنیا نوێنەرایەتیی لایەنی سیاسیی خۆی نەکات، بەڵکو نوێنەری کورد بێ و ببێتە بەرگریکارێکی باش بۆ مافی خەڵکی کوردستان.''
 
19 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن بۆ بوونە سەرۆککۆمار، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.