پەرلەمانتارێک: دەبێت یاساکانی عێراق لە رۆژنامەی فەرمی بە کوردیش بڵاوبکرێنەوە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق داوا لە وەزیری داد دەکات، سەرجەم یاسا و بڕیارەکان لە رۆژنامەی فەرمیی (وەقایعی عێراقی) هاوشێوەی عەرەبی بە زمانی کوردیش بڵاوبکرێنەوە و دەڵێت: "ئەوەی تاوەکو ئێستا نەکراوە، کەموکوڕییە."
 
رۆژی دووشەممە، 16-02-2026، د.دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ یەکشەممە بە نووسراوێکی فەرمی داوایان ئاراستەی د. خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق کردووە بۆ ئەوەی "تەواوی ئەو یاسا و رێسایانەی لە پەرلەمانی عێراق دەردەچن، لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقی پێکەوە بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی بڵاوبکرێنەوە، تاوەکو مافی یەکسانیی زمانەوانی لە سەرجەم دامەزراوەکاندا پارێزراو بێت".
 
داواکارییەکەی ئەو پەرلەمانتارە پاڵپشتە بە بڕگەی یەکەم لە ماددەی 4ـی دەستووری عێراق و یاسای زمانە فەرمییەکان ژمارە 7ـی ساڵی 2014، کە تێیدا جەخت لەوە کراوەتەوە زمانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمین لە عێراق.
 
د. دانەر عەبدولغەفار لەبارەی ئامانجی داواکارییەکەیان گوتی: "مەبەست لێی رێزگرتن و کاراکردنی دەستوور، بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی زمانەوانی، چەسپاندنی چەمکە نیشتمانییەکان و دابینکردنی یەکسانییە لەنێوان زمانی عەرەبی و کوردی لە دامەزراوە فیدراڵییەکاندا".
 
بە گوتەی گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی، بڵاونەکردنەوەی یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمان بە زمانی کوردی لە رۆژنامەی فەرمیی عێراق، کە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە "کەموکوڕییەکە و دەبێت چارەسەر بکرێت".