سوودانی بۆ پەرلەمان: هاوکارم بن بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق و جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە و جەختیان لە تەواوکاریی نێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن کردەوە. محەممەد شیاع سوودانی دەڵێت، پێویستە لەم قۆناخەدا پەرلەمان پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەت بکات.
رۆژی دووشەممە، 16-02-2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد. لە دیدارەکەدا بارودۆخی گشتیی عێراق و هەوڵەکانی حکومەت تاوتوێ کران.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەردوولا جەختیان لە تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان، بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتییان و بەردەوامبوونی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری لە سەرانسەری عێراق کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگیی تەواوکاریی نێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن کردەوە و رایگەیاند: "پێویستە لەم قۆناخەدا پەرلەمان پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەت بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابوورییەکان".
محەممەد شیاع سوودانی باسی لە پلانەکانی حکومەتەکەی بۆ زیادکردنی داهات، کەمکردنەوەی خەرجییەکان و رێکخستنی لەپێشینەکانی خەرجکردنی پارەی گشتی کرد و داوای کرد پەرلەمان هاوکار بێت لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی پەیوەستن بە گەشەپێدانی وڵات.