ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رەزامەندی بە هەموارکردنەوەی دوو یاسای سەربازی پەیوەست بە عێراق دەدات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە دانیشتنێکدا، رەزامەندی دەربڕی بە دەستکردن بە پرۆسەی هەموارکردنەوەی هەردوو یاسای ساڵانی 1991 و 2002 بۆ پێدانی دەسەڵات بە سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی عێراق.
پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو دوو بڕیارە لەلایەن تیم کەین، ئەندامی دیموکراتەکان و تاد یەنگ، ئەندامی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانەوە پێشکێشکراوە و بەشێکی زۆری دیموکراتەکان و خودی ئیدارەی بایدنیش پشتیوانی لێدەکات.
لە دانیشتنەکەدا کە ئەمڕۆ پێجشەممە، 16-03-2023 کرا، 68 ئەندام بە بەڵێ و 27 ئەندامیش بە نەخێر دەنگیان بۆ دەستپێکردن بەو پڕۆسەیەدا و لەنێو ئەو ئەندامانەی کە پشتیوانییان لە دەستپێشخەرییەکە کردووە، 19یان کۆمارین.
تاوەکو ئێستا روون نییە، هەموارکردنەوەکە چۆن دەبێت و چ گۆڕانکارییەک دەکرێت، بەڵام هەر گۆڕانکارییەک بکرێت تایبەت دەبێت بە کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی، ئۆپەراسیۆنی سەربازی و زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانیان لە عێراق و لە هەموارە نوێکەدا روونتر باس لە دەسەڵاتە سەربازییەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە عێراق دەکرێت.
بڕیارە لە هەفتەکانی داهاتوودا دەست بە هەموارکردنەوە و هەنگاونان بۆ دەنگدان لەسەر گۆڕانکارییەکان لەو یاسایە بکرێت.
ئەم هەوڵەی کۆنگرێس لەکاتێکدا کە 20 ساڵ بەسەر بڕیاری چوونی ئەمریکا بۆ رووخاندنی رژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت.
رووداو لەبارەی ئەم هەوڵەی کۆنگرێس لە 14ـی شوباتی 2023 پرسیاری لە نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد، لە وەڵامدا بە رووداوی راگەیاند، ''ئێمە پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایەی ساڵی 2002 دەکەین، خۆیشت دەزانی، دوو یاسای لەم جۆرە ئێستا هەن، یەکێکیان هی ساڵی 2001ـە کە دەسەڵاتی ئەوەمان پێدەدات کاتێک بە پێویستی دەزانین دەسەڵاتەکە بەکاربهێنین، وەک نموونە، بەئاگاییەوە بەکاری دەهێنین کاتێک دێتە سەر بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانەی گرووپە تیرۆریستییەکان دروستیان کردووە."