وەزارەتی کارەبای عێراق: دانانی پێوەری زیرەک لە 15 ناوچە جێبەجێ دەکرێت و کارەبایان دەبێتە 24 کاژێری

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، پڕۆژەی پێوەری زیرەک لە 15 ناوچەی عێراق جێبەجێ دەکات و کارەبای ئەو ناوچانە دەبێتە 24 کاژێری.
 
ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی شەممە 16ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆژەی پێوەری زیرەک، یەکێکە لەو پڕۆژانەی کە وەزارەتی کارەبا هەوڵی جێبەجێکردنیان دەدات و دەبێتە هۆی سنووردانان بۆ سەرپێچی و بەکارهێنانی زیادی کارەبا، کۆنترۆڵکردنی لۆد و رێگریکردن لە بەفیڕۆدانی کارەبا."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، "سەرەتا 10 ناوچە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دیاریکرا و دواتر پێنج ناوچەی دیکە زیادکران. ئێستا 15 ناوچە بۆ ئەو مەبەستە ئامادەن کە لە بەغدا و شەش پارێزگان."
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، کارەبای ئەو ناوچانە دەبێتە 24 کاژێری و دەشڵێت، "وەزارەتی کارەبا پابەندە بەوەی 24 کاژێر کارەبا بۆ ئەو ناوچانە دابین بکات. دانانی پێوەریش لەسەر ئەرکی وەزارەتی کارەبا و ئەو کۆمپانیایەیە کە پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات و هیچ تێچوویەک ناکەوێتە ئەستۆی هاووڵاتییان."
 
لە ساڵی 2021دا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق رایگەیاند، نزیکەی 81 ملیار دۆلار بۆ کەرتی کارەبا تەرخانکراوە، بەڵام گەندەڵی ئاستەنگی گەورە بووە لەوەی کارەبا بە شێوەیەکی سەقامگیری بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێت.
 
بەگوێرەی دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق، لە عێراق نزیکەی 49 هەزار مۆلیدە لە کەرتی تایبەت هەن کە نزیکەی 7 ملیۆن هاوبەشیان هەیە و نزیکەی 45 هەزار کەس کاریان تێدا دەکەن.