موحسین مەندەلاوی: کارەساتی هەڵەبجە گەواهیدەرێکی زیندووی قێزەونی رژێمی دیکتاتۆرییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "کارەساتی هەڵەبجە گەواهیدەرێکی زیندووی، قێزەونی و خوێناویی رژێمی دیکتاتۆرییە" و ئاماژە بەوەش دەکات، پەرلەمان رژدە لە دەرکردنی هەر یاسایەک کە گەرەنتیی دەستەبەری دادی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری بۆ کەسوکاری قوربانیان بکات.
موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی عێراق لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بە داخێکی قووڵەوە یادی 36 ساڵەی کۆمەڵکوژییەک دەکەینەوە کە رژێمی بەعسی دیکتاتۆر بەرامبەر خەڵکی سڤیلی هەڵەبجە ئەنجامی دا و تێیدا چەکی کیمیایی قەدەخەکراوی نێودەوڵەتی بەکارهێنا و بەو هۆیەوە هەزاران کەسی بێتاوان شەهید بوون، کە زۆربەیان منداڵ بوون."
موحسین مەندەلاوی، کە خۆی کوردی فەیلییە، دەڵێت، "ئەو کارەساتە وەکو گەواهیدەرێکی زیندوو تایبەت بە قێزەونی و خوێناوێتی رژێمی دیکتاتۆری دەمێنێتەوە" و ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوەی دەسەڵاتی بەعس کردی "رەنگدانەوەی سیاسەتی کوشتن، خاپوورکردن و کۆمەڵکوژیی رژێمی دیکتاتۆرییە."
مەندەلاوی جەخت لە پشتیوانی و رژدبوونی پەرلەمان دەکاتەوە لە دەرکردنی هەر یاسایەک کە گەرەنتی دەستەبەری دادی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری بۆ کەسوکاری قوربانیان بکات.
رۆژی 16ی ئاداری 1988 شاری هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراقەوە کیمیاباران کرا و لە ئەنجامدا نزیکەی پێنج هەزار هاونیشتمانیی شارەکە شەهید بوون و زیاتر لە 10 هەزاری دیکە بریندار بوون.