لە سنووری ئەنبار بارەگایەکی حەشدی شەعبی بۆردوومان کرا و چوار چەکداریان کوژران


رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای ئەنبار بازگەیەک بۆردوومانکرا. بەرپرسێکی خۆجێیی پارێزگاکە دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکەدا چوار چەکداری حەشد کوژراون و چواری دیکەش بریندارن، هەروەها پۆلیسێک و دوو هاووڵاتیش بریندار بوون.

بۆردوومانەکە کاژێر 15:30ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 16-03-2026 بووە و ژووری ئەمنیی حەشدی شەعبی (سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای ئەنبار) لە بازگەی "شەهید حەیدەر" لە دەروازەی قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار بۆردوومان کراوە.
 
عەبدوڵڵا جغێفی، راوێژکاری ئەمنیی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆردوومانەکە لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بووە و راستەوخۆ ژووری ئەمنیی حەشدی شەعبی لە بازگەکە کردووەتە ئامانج؛ لە ئەنجامدا 4 چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون و 4 چەکداری دیکەش برینداربوون."

 

 
 
بەگوتەی عەبدوڵڵا جغێفی هەر لەو بۆردوومانەدا کارمەندێکی هێزی پۆلیسی فریاکەوتنی ئەنبار سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە لە بازگەکەدا بووە، لەگەڵ دوو  هاووڵاتی سڤیل بریندار بوون.