خەمیس خەنجەر پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە، پشتیوانیی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا رایگەیاند. داواش دەکات هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی خاک و بەندەرەکانی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە.
رۆژی دووشەممە، 16-03-2026، خەمیس خەنجەر لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەژێر رۆشنایی ئەو پێشهاتە خێرایانەی ناوچەکە بەخۆیەوە دەیانبینێت، پێویستە گفتوگۆیەکی "بەپەلە و بنیاتنەر" لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەردەوام.
ئێوارەی یەکشەممە، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا داوای لە هەولێر و بەغدا کرد کۆببنەوە بۆ ئەوەی رێگە لە "خەڵکانی هەلپەرست" بگرن کە دەیانەوێت قەیرانەکان قووڵتر بکەنەوە. سەرۆک بارزانی هۆشداریی دا کە عێراق لەژێر هەڕەشەی قەیرانی جۆراوجۆردایە و پێویستە لایەنەکان بگەنە رێککەوتن.
سەبارەت بە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، خەمیس خەنجەر گوتی: "پشتیوانیی لەو بانگەوازەی بەڕێز مەسعود بارزانی دەکەین؛ ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کاراکردنەوەی کەناڵەکانی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان بە گیانی هاوبەشیی نیشتمانی."
بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، لە 28ـی شوباتەوە هەناردەی نەوتی عێراق لەڕێگەی کەنداوەوە راگیراوە. حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بۆ رووداو ئاشکرای کرد کە داوایان لە هەرێمی کوردستان کردووە رەزامەندی بدات لەسەر هەناردەکردنی 250 بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەڕێگەی بۆریی عێراق - تورکیاوە.
لە بەرامبەر ئەم داوایەی بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان مەرجی هەیە. عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داواکاریی سەرەکییان لادانی ئەو "گەمارۆ بازرگانییەیە" کە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەش کرد کە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نەخشەڕێگەیەکی بۆ چارەسەری کێشەی گومرگ (سیستمی ئەسیکۆدا) بۆ محەممەد شیاع سوودانی ناردووە.
بەگوێرەی گوتەی عەزیز ئەحمەد، سەپاندنی ئەو سیستمە بازرگانیی فەرمیی لە هەرێمی کوردستان پەکخستووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە هەموو عێراقدا، بۆیە ناردنەوەی نەوت پێویستی بە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە هەیە.