کەتیبەکانی حیزبوڵڵا کوژرانی ئەبو عەلی عەسکەری راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی، کوژرانی ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنیی گرووپەکەی راگەیاند و هاوکات شوێنگرەوەکەشی بۆ دانا.
رۆژی دووشەممە، 16ـی ئاداری 2026، ئەبو حوسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنی و یەکێک لە دیارترین دەنگە میدیاییەکانی گرووپەکەی راگەیاند.
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە هەمان راگەیێندراودا، دەستبەکاربوونی بەرپرسە ئەمنییە نوێیەکەی گرووپەکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، لەمەودوا "حاجی ئەبو موجاهید عەساف" وەک بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حزبوڵڵا دەستبەکار دەبێت و ئەرکەکانی ئەبو عەلی عەسکەری دەگرێتە ئەستۆ.
ئەبو عەلی عەسکەری، بە بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا ناسرابوو، لە ساڵانی رابردوودا بە بڵاوکردنەوەی پەیامە تووندەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناسرابوو، تێیدا هەڵوێستە فەرمییە ئەمنییەکانی گرووپەکەی بەرامبەر بە هێزەکانی ئەمریکا و حکومەتی عێراق بڵاودەکردەوە.
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەوە دووەم بەرپرسی کەتیبەکانی حیزبوڵڵایە دەکوژرێت، رۆژی شەممە 13-3-2026 ئەبو عەلی عامری، راوێژکاری باڵا لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ماڵێک لە کەڕادەی بەغدا کوژرا.
تاوەکو ئێستا کەتیبەکانی حیزبوڵڵا شوێن و شێوازی کوژرانی ئەو بەرپرسەیان بە وردی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام چەند رۆژێکە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە زۆربەی شارەکانی عێراق بۆردوومان دەکرێت، تەنیا ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئەنبار سێ جار هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆردوومان کران.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی هێرشەکانی سەر حەشدی شەعبی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام گرووپە چەکدارەکان پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن.
ئەبو عەلی عەسکەری کێیە؟
- کەسایەتییەکی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بووە
- بەناوی بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا قسەی دەکرد
- لە ئێکس پەیامەکانی حیزبوڵڵای بڵاودەکردەوە
- دەگوترێت 2008 - 2011 لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا دەستگیرکراوە
- لە پەیامەکانیدا چەندیجار هەڕەشەی لە بەرپرسانی عێراق کردووە
- رۆژی 16-3-2026 حیزبوڵڵا کوژرانی ئەبو عەلی عەسکەری راگەیاند