سوودانی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هێرشکارانی سەر کێڵگەی مەجنوون و باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەرکرد

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، هێزە ئەمنییەکانی راسپاردووە "دەستبەجێ" ئەو کەسانە بدۆزنەوە کە هێرشیان کردووەتە سەر کێڵگەی نەوتی مەجنوون، هۆتێل رەشید و باڵیۆزخانەی ئەمریکا. سوودانی دەڵێت، "ئاسایشی وڵات هێڵی سوورە."
 
رۆژی سێشەممە، 17ی ئاداری 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی بە هەموو دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان کردووە بەدوای ئەنجامدەرانی هێرشەکاندا بگەڕێن و رادەستی دادگایان بکەن.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە چەند کاژێری رابردوودا کێڵگەی نەوتی مەجنوون لە بەسرە، هۆتێل رەشیدی نێودەوڵەتی و بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رووبەڕووی "هێرشی تیرۆریستی" بوونەتەوە. سەباح نوعمان دەڵێت، "ئەم کارە تاوانکارییانە لێکەوتەی مەترسیداریان بۆ سەر وڵات دەبێت و هەوڵەکانی حکومەت بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پەکدەخەن."
 
بە گوتەی سەباح نوعمان، سوودانی جەختی کردووەتەوە کە "ئاسایشی دەوڵەت و سەلامەتیی هاووڵاتییان هێڵی سوورە." جگە لە فەرمانی دەستگیرکردنی هێرشبەران، فەرماندەی گشتی بڕیاری داوە، "هەر فەرماندە و بەرپرسێکی ئەمنی لە سنووری کارەکەی خۆیدا کەمتەرخەم بووبێت و نەیتوانیبێت رێگری لەو هێرشانە بکات، لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت و سزا بدرێت."
 
درەنگی شەوی رابردوو بە درۆن هێرشکرایە سەر هۆتێل رەشید لە بەغدا و وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، درۆنەکە بەر پەرژینی هۆتێلەکە کەوتووە و زیانی نەبووە. رۆژی 13ی ئەم مانگەش هێرشی درۆنیی کرایە سەر کێڵگەی نەوتی مەجنوون لە بەسرە، کە یەکێکە لە کێڵگە نەوتییە هەرە گرنگەکانی عێراق.