گرووپی سەریا ئەولیا دەم دەڵێ، بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر بنکەی پشتیوانیی دیپلۆماسیی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
گرووپی (سەرایا ئەولیا دەم) کە خۆی بە بەشێک لە (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) دەناسێنێت، دەڵێ، بنکەی پشتیوانیی دیپلۆماسیی ئەمریکای لە بەغدا کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیێندراوی گرووپەکە کە رۆژی دووشەممە، 16ـی ئاداری 2026 بڵاوکراوەتەوە، هێرشەکە لە رێگەی ژمارەیەک مووشەکی جۆری قارعەوە کراوە.
گرووپەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە ئەنجامی هێرشەکە 10 سەربازی ئەمریکی بوونەتە قوربانی کە گوایە شەشیان کوژراون و چواری دیکەشیان بە سەختی بریندار بوون.
سەرایا ئەولیا دەم ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هێرشە وەک "تۆڵەکردنەوەیەک" بۆ خوێنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک لە چەکدارە عێراقییەکان بووە کە لە رۆژانی رابردوو کوژراون.
هێرشەکە ئێوارەی یەکشەممە، 15ی ئاداری 2026 کراوە و دواتر فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 07:00ی ئێوارەی یەکشەممە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و دەوروبەری بە پێنج مووشەک کرانە ئامانج و لە ئەنجامدا چوار کارمەندی پاسەوانیی فڕۆکەخانە و ئەندازیارێک بریندار بوون."
فەریق سەعد مەعن گوتیشی، "دوای رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان کێوماڵی ناوچەکەیان کرد و توانییان ئەو سەکۆیەی مووشەکەکانی لێوە ئاراستە کراوە بدۆزنەوە، کە لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا لە ناوچەی رەزوانییە لە رۆژئاوای بەغدا بوو."
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی راشیگەیاند، "دوای هێرشەکان، فەرمانی دوورخستنەوە و لەکارلادانی فەرماندە و ئەو ئەفسەرە هەواڵگرییانە دەرچووە کە بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئەو ناوچەیەیان لەسەر بووە کە هێرشەکەی لێوە کراوە."