ئیسپانیا کارمەندانی یەکەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی لە عێراق بردە دەرەوە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئیسپانیا دەڵێ، کارمەندانی یەکەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی بردووەتە دەرەوەی عێراق، ئەوەش بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە. 
 
رۆژی 15ـی ئاداری 2026، ئەو وەزارەتە لە نووسینێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە و گواستنەوەی ئەو هێزەی راگەیاندووە.
 
وەزارەتی بەرگریی ئیسپانیا نووسیویەتی: "دوای تێکچوونی دۆخی ئەمنی و ئەستەمبوونى جێبەجێکردنی ئەرکە سپێردراوەکان، ئیسپانیا بە هاوئاهەنگی دەسەڵاتدارانی عێراق، کارمەندانی یەکەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان دەگوازێتەوە."
 
300 سەربازی ئیسپانیا لە ئەرکدا بوون لە عێراق، 180یان لە ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەشدار بوون.
 
بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا لە 28ی شوباتەوە، گرووپە چەکدارەکان لە عێراق هێرشیان بۆسەر پێگەکانی هاوپەیمانیی دژی داعش و هەرێمی کوردستان دەستیێکردووە.