زیاتر لە 300 هاووڵاتیی عێراقی گیرخواردوو دەگەڕێندرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوو کاروانی دیکەی ئەو عێراقییانە دەگەڕێندرێنەوە کە بەهۆی جەنگ و راگرتنی گەشتەکانەوە گیریان خواردووە کە زیاتر لە 300 کەس دەبن. ئەو دوو کاروانە لە میسر و هیندستانەوە دەبرێنە سعودیە و لەوێوە بە رێگەى وشکانى دەگەنەوە عێراق.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ دووشەممە دوو کاروانی دیکەی ئەو عێراقییانە دەگەڕێندرێنەوە کە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە، کە لە هیندستان و میسرەوە بە فڕۆکە دەگەڕێندرێنەوە سعودیە، بۆ ئەوەی لەوێشەوە بە گەشتی وشکانی بگەڕێنەوە عێراق."
رۆژی 15ی ئاداری 2026، یەکەم کاروانی ئەو هاووڵاتییانە لە رێگەی میسرەوە گەیشتنە سعودیە و لەوێوە لە رێگەی دەروازەى وشکانی عەرعەرەوە گەیشتنەوە عێراق، کە ژمارەیان 145 کەس بوو.
مەیسەم سافی رایگەیاند، ئەو هاووڵاتییانەی لە میسرەوە دەگەڕێنەوە 150 کەسن و ئەوی دیکە کە لە فڕۆکەخانەی نیودەلهی دەگوازرێنەوە سعودیە 157 هاووڵاتیی عێراقین.
لە 28ی شوباتەوە ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتە ئاسمانییەکان داخراوە، بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
رێکارەکانی گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییانەی عێراق لە 13ی ئادارەوە دەستی پێکردووە و تاوەکو 18ی ئادار دەخایەنێت و بە شەش کاروان ئەو هاووڵاتییانە دەگەڕێندرێنەوە.