عێراق داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ 72 کاژێری دیکە درێژکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق دەڵێ، ئاسمانی وڵاتەکە بۆ 72 کاژێری دیکە بەڕووی هەموو گەشتە ئاسمانییە هاتوو، رۆیشتوو و تێپەڕبووەکاندا بە داخراوی دەمێنێتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراق، بڕیاردراوە داخستنی ئاسمانی عێراق بۆ 72 کاژێر درێژبکرێتەوە.
 
کاتەکە لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی ئاداری 2026ـەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەم هەنگاوە وەک "رێوشوێنێکی خۆپارێزیی کاتی" گیراوەتەبەر.
 
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوامی دۆخی ئەمنی و پێشهاتەکانی ناوچەکە دراوە و جەختیشی کردووەتەوە کە بەگوێرەی پێشهاتە نوێیەکان، بڕیارەکە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێتەوە.
 
لە 28ی شوباتەوە ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتەکاندا داخراوە، بەهۆی دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.