چوارچێوەی هاوئاهەنگی: دەبێت دۆسیەی نەوت و گاز بە گوێرەی دەستوور بەڕێوەببردرێ
رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێ، دەبێت بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و گاز و هەناردەکردنیان بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان بێت، بە جۆرێک کە یەکگرتوویی بڕیاری سەروەریی دەوڵەتی عێراق و مافی هەموو عێراقییەکان بپارێزێ.
رۆژی دووشەممە، 16ی ئاداری 2026، فەرمانگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "داوا دەکەین بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی بخرێتە پێش هەموو شتێک و هاوکارییەکی جیدی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە هەبێت."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای کردووە کە هەموو لایەک پابەندی سیاسەت و بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵ بن، بە جۆرێک کە لەم "ساتە چارەنووسسازەدا" خزمەت بە بەرژەوەندیی باڵای دەوڵەتی عێراق بکات.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی نێوەڕۆکی راگەیێندراوی دوێنێی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەبارەت بە دۆسیەی نەوت رەت دەکاتەوە و دەڵێ: "ئەو تۆمەتانەی لە راگەیێندراوەکەدا هاتوون خزمەت بە دۆزینەوەی چارەسەری راستی ناکەن."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دەبێت بە رۆحێکی هاوبەشی نیشتمانی و بەرپرسیاریەتیی هاوبەش بێت، تاوەکو سەقامگیریی ئابووری و سیاسیی وڵات پارێزراو بێت.
دوێنێ یەکشەممە وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە و گوتی: "لەرێگەی پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ برایان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای قەیرانی هەرێمییەوە، وەزارەتی نەوت ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن بە بڕی 300 هەزار بەرمیل لە رێگەی بۆریی هەناردەکردن لەنێو هەرێمەوە بەرەو بەندەری جەیهان، سەرباری ئەو بڕە نەوتەی لە کێڵگەکانی نێو هەرێم کە پێش دۆخی ئێستا رۆژانە لانیکەم 200 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرا، ئەمە لە کاتێکدایە کە توانای هەناردەکردنی بۆرییەکە نزیکەی 900 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا".
بە گوێرەی وەزارەتی نەوتی عێراق، "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رەتیکردووەتەوە کە ئێستا هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە و چەندین مەرجی داناوە کە هیچ پەیوەندییان بە بابەتی هەناردەکردنی نەوتی خاوەوە نییە".
دواتر وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە.
سامانە سرووشتییەکان لە شەش خاڵدا روونکردنەوەی داوە و دەڵێت، راگەیێندراوەکەی بەغدا بابەتەکەی شێواندووە و دەیەوێت رای گشتی چەواشە بکات.
لە خاڵی دووەمی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "حکومەتی ئێستای بەغدا لە مانگی یەکەوە گەمارۆیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستمی ئاسیکۆدا خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و رێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەکان بەردەست بێت. لەوکاتەوە هیچ جووڵەیەکی بازرگانی نەماوە."
وەزارەتەکە ئاماژە بە هێرشە بەردەوامەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکان دەکات و رایدەگەیێنێت: "میلیشیا لەیاسادەرچووەکان هەموو کێڵگە و پاڵاوگەکانی نەوت و گازیان کردووەتە ئامانج؛ لە ئەنجامی ئەم هێرشە تیرۆریستییانەدا، بەرهەمهێنان وەستاوە و هیچ بەرهەمێکی نەوتی لە کوردستان نەماوە تاوەکو هەناردەی دەرەوە بکرێت."
سامانە سرووشتییەکان رەخنەی تووند لە حکومەتی عێراق دەگرێت و دەڵێت: "بەغدا ئامادە نییە رووبەڕووی ئەو هێرشانە ببێتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ رێکارێکی کاریگەر بەدی ناکرێت بۆ وەستاندنیان."
هەروەها باس لە دۆخی دارایی دەکات و دەڵێت: "بەشێکی زۆری ئەم هێرشبەرانە لە بەغدا مووچە وەردەگرن، پڕچەک دەکرێن و پارەدار دەکرێن، لەکاتێکدا مووچەی خەڵکی کوردستان هەمیشە دوا دەکەوێت و کەمتر لە گوژمەی پێویست دەنێردرێت."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان چەندین جار داوای گفتوگۆی بنیاتنەری کردووە، بەڵام پشتگوێخراوە و "هەوڵدراوە ئەجێندای نادەستووری لەسەر هەرێم بسەپێندرێت." هاوکات ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوەی تیمە پسپۆڕەکان دەربڕی بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک کە "هەموو عێراق لێی سوودمەند بێت و کوردستانیش چیتر ستەمی لێ نەکرێت."