دادی عێراق بۆ رووداو: زیاتر لە 1,250 زیندانی بە لێبووردنی گشتی ئازادکراون

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دادی عێراق رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 1,250 زیندانی لە لێبووردنی گشتی لە عێراق ئازادکراون.
 
ئەحمەد لەعیبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دەستپێکی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتییەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 1,250 زیندانیکراو بەو یاسایە ئازاد کراون."
 
یاسای لێبووردنی گشتی لەگەڵ هەمواری یاسای باری کەسی و یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان، بە یەک پاکێج لە رۆژی 21-1-2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکران.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: "پڕۆسەکە بەردەوامە، بەڵام جێبەجێکردنی یاساکە پێویستی بە کاتی زیاترە، چونکە پێویستە پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو زیندانییانەدا بکەین کە یاساکە دەیانگرێتەوە، بۆ ئەوەی بزانین هیچ سکاڵا و داوایەکی دیکەیان لەسەرە یان نا."
 
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی داد بۆ رووداو، عێراق 30 بەندینخانەی هەیە کە زیاتر لە 67 هەزار بەندکراویان تێدایە. لەو بەندکراوانە، هەزار و 600 کەسیان بیانین.