پارێزگارى بەسرە: نزیکەى 42 تریلیۆن دینارى پترۆ دۆلارمان لاى حکومەتە

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگارى بەسرە رایگەیاند، شایستەى دارایی پترۆ دۆلارى شارەکەى لەلاى حکومەت نزیکەى 42 تریلیۆن دینارە و لەو شایستە داراییانە بێبەشکراون کە دەستوور و یاسا پێیداون.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی نیسانى 2025 ئەسعەد عێدانى، پارێزگارى بەسرە راگەیاند، هەمیشە بەسرە لە شایستەکانى بێبەش دەکرێت و  ئەوەى پەیوەندیدارە بە پترۆ دۆلار دەبێت مافى بەسرە بدرێت وەک ئەوەى لە دەستوور و یاسادا هاتووە.
 
بودجەى پترۆ دۆلار، تەرخانکردنى رێژەى 5%ـى داهاتى نەوت و گازە بۆ پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان. لە دواى ساڵى 2016 بە پاساوى قەیرانى دارایی پترۆ دۆلار وەکو خۆی خەرج نەکراوە.
 
پارێزگارى بەسرە گوتى: "بەپێی وردبینی دیوانى چاودێریی دارایی، شایستەى بەسرە نزیکەى 42 تریلیۆن دینارە،  کە لە ساڵانى رابردوو لێى بێبەش کراوە و ئێستاش لێى بێبەش بووە".
 
بەگوێرەى پڕۆژەیاسای بودجەى عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025، هەر هەرێم و پارێزگایەکى بەرهەمھێنەرى نەوت و گازى سرووشتى، دەتوانێت 5%ـى داهاتى یەکێک لەو دوو سەرچاوەیەی وزەی دەستبکەوێت.
 
ئەسعەد عێدانى گوتى: "دەبینین کە حکومەتى فیدراڵى لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى لەگەڵ وەزارەتى سامانە سرووشتییەکانى هەرێمى کوردستان و ئەوە هەنگاوێکى زۆرباشە، بەڵام دەبێت سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ پارێزگاکانیش چارەسەر بکرێت.
 
ئەو گوتانەى پارێزگارى بەسرە لە پانێڵێکی کۆڕبەندی سلێمانی بوو، کە ئەمڕۆ لە زانکۆى ئەمریکى دەستیپێکرد.