هاوردەکردنی زێڕ لە عێراق دەستیپێکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
عێراق دەستی بە هاوردەکردنی زێڕ کردووەتەوە و لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە 500 کلیۆ زێڕی هاوردە کردەوە.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 16ی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هاوردەکردنی زێڕ لە عێراق دەستیپێکردووەتەوە و لە دوو رۆژی رابردوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا زیاتر لە 500 کلیۆ زێڕ هاوردەکراوە".
لە عێراق زێڕ تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە هاوردە دەکرێت، پێشتر بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە لە 28ی شوبات دەستیپێکرد، بۆ زیاتر لە 40 رۆژ ئاسمانی عێراق داخرا.
سەبارەت بە فڕۆکەخانەکانی دیکە، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتی: " بەهۆی ناجێگری جوڵەی ئاسمانی، ئێستا تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەغداوە هاوردەکردنی زێڕ دەستیپێکردووەتەوە و پرۆسەکە بەردەوامە".
فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بریتین لە بەغدا، بەسرە، نەجەف، موسڵ، کەرکووک، هەولێر و جەلال تاڵەبانی.
عەبدولزەهرە هینداوی، رایگەیاند، کاری یەکەی پشکنینیش لە فڕۆکەخانەی بەغدا بە درێژایی 24 کاژێر بەردەوامە بۆ خێراکردنی رێکارەکانی پشکنین و مۆرکردن و رێگریکردن لە هەر دواکەوتنێکی ئەو بارانەی، کە دەگەنە عێراق.