مانگی رابردوو 15 کەشتیی نەوتی عێراق بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی ئەو کەشتییانەی نەوتی مامناوەند و قورسی بەسرەیان بە تەنگەی هورمزدا گواستووەتەوە لە مانگی ئاداری 2026 دا، کەمبووەتەوە بۆ 15 کەشتی، ئەمەش بەهۆی گەمارۆی ئێران لەسەر تەنگەکە، بە بەراورد بە مانگێکی پێش جەنگەکە، کۆی هاتووچۆی کەشتییەکان 82٪ کەمیکردووە.
بەپێی وردەکارییەکانی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بۆ هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی کەشتییەوە، کۆی ئەو نەوتەی بە تەنگەی هورمزدا نێردراوە 14.56 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە و لەرێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان 3.97 ملیۆن بەرمیل بووە.
هەناردەکردنی نەوتی باشووری عێراق، کەرکووک و کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری 2026 گەشتووەتە 18.6 ملیۆن بەرمیل نەوت، لەکاتێکدا مانگی شوباتی 2026 زیاتر لە 99.8 ملیۆن بەرمیل بووە.
ژمارەی ئەو کەشتییانەی لە ئاداری 2026 نەوتی عێراقیان لەو تەنگەیەوە گواستووەتەوە 15 دانەبووە، لەکاتێکدا مانگێک پێشووتر (شوباتی 2026) 83 کەشتی بووە، کە نەوتی مامناوەند و قورسی بەسرەیان بۆ بازاڕەکانی جیهان گواستووەتەوە.
مانگی ئاداری 2026، لەکاتی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، حکومەتی ئێران گەمارۆی خستە سەر هاتووچۆی کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت و کاڵا و کارگۆکان لە تەنگەی هورمز، بەپێی داتاکانی سۆمۆ بێت بۆ کەشتییەکان، بڕیارەکە لە 9ی مانگەوە جێبەجێ کراوە و رێگە نەدراوە هیچ کەشتییەک بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕێت، سەرەڕای ئەوەی ئێران هەڵاوێردی بۆ کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوتی عێراق کرد و سۆمۆ کۆمپانیاکانی کەشتی و کڕیارەکانی نەوتی لەماوەی جەنگ ئاگادار کردەوە.
بەپێی داتاکەی سۆمۆ، ئەو 15 کەشتییەی نەوتی مامناوەند و قورسی بەسرەی گواستووەتەوە، لە رۆژەکانی سەرەتای جەنگەکەدا بووە، لەماوەی 1 تاوەکو 8ی ئادار بووە، واتە لەماوەی 8ی ئادار تاوەکو 31ی مانگ هیچ کەشتییەک کە نەوتی عێراقی بارکردبێت بە تەنگەی هورمزدا تێنەپەڕیوە.
لەو مانگەدا، ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان زۆر کەمیکردووە و بڕی هەناردەکردن دابەزیوە بۆ 41 هەزار بەرمیلی رۆژانە، لەکاتێکدا مانگێک پێشووتر 198 هەزار بەرمیل بووە.
بەم شێوەیەش، لەمانگی ئادار ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 91 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە و بەراورد بە مانگی شوباتی 2026 نزیکەی 157 هەزار کەمیکردووە. لە شوباتی 2026 کۆی بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان 248 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە.
بەپێی ژمارەکانی سۆمۆ، ژمارەی ئەو کەشتییانەی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووکیان لەماوەی مانگی ئادار لە بەندەری جەیهان گواستووەتەوە 9 دانەبووە، بەشێوەیەک سێ کەشتی بڕی 1.27 ملیۆن بەرمیل نەوتی کیڵگەکانی هەرێمی کوردستان و 6 کەشتی بڕی 2.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی کەرکووکی گواستووەتەوە بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا و ئەمریکا.