دوای 18 مانگ بکوژی منداڵە سووتێندراوەکەی دیالە دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای دیالە رایدەگەیێنێت، بکوژی ئەو منداڵەی لە دیالە تەرمەکەی سووتێندرا، دوای ساڵ و نیوێک دەستگیرکرا و لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەی دا ناوە.
عەمید هەیسەم سەلمان شمەری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای دیالە، ئەمڕۆ شەممە 16ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تۆمەتبارەکە دەستی لە تاوانی کوشتن و سووتاندنی تەرمی منداڵێکدا هەبووە لە گوندی "زەباب"ی سەر بە ناحیەی "ئەبی سەیدا" کە رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ 4ی ئابی 2024.
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای دیالە، تۆمەتبارەکە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێک خۆی حەشاردابوو، لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا، هێزەکانی پۆلیسی شارەبان، فەوجی 6ی فریاکەوتنی دیالە، نووسینگەی هەواڵگریی شارەبان و بەشی پۆلیسی نەوجەوانان بەشدار بوون.
عەمید هەیسەم سەلمان راشیگەیاند، دوای دەستگیرکردنی، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، بۆیە بەگوێرەی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی (تایبەت بە کوشتنی بە ئەنقەست) لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوە راگیراوە، بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەری بگیرێتەبەر.