زەیدی بە فەرمی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دەستبەکاربوو
رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، بە فەرمی ئەرکەکانی وەک سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق وەرگرت.
ئەمڕۆ شەممە 16ی ئایاری 2026 لە رێوڕەسمێکی فەرمیی وەرگرتن و رادەستکردنی ئەرکەکاندا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، عەلی فالح زەیدی بە فەرمی وەک سەرۆکی حکومەتی نوێ دەستبەکاربوو.
لەم رێوڕەسمەدا، زەیدی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی وەرگرت بۆ ئەوەی دەستبکات بە جێبەجێکردنی ئەرکە دەستوورییەکانی لە کابینەی نوێی حکومەتدا.
باسم محەممەد خزەیر، لەکاتی دەستبەکاربوونی وەک وەزیری نوێی نەوتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی ئامادەبوو گوتی، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی دەکات.
کابینە وەزارییەکەی عەلی فالح زەیدی، لە 23 وەزارەت پێکهاتووە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 14ی ئایار، 19 بەربژێری وەزیر برانە پەرلەمان، دەنگ بە 18یان درا و 14یان پەسندکران. یەکێکیان (وەزیری ناوخۆ) دواخرا و چواریش ماون بخرێنە دەنگدانەوە.