عەلی زەیدی: بە هەموو توانامانەوە کار دەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی

رووداو دیجیتاڵ

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە یەکەم گوتاری دوای دەستبەکاربوونی رایگەیاند، "بە هەموو توانامانەوە کار دەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی".
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق بە گرنگییەوە باسی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کرد و گوتی، "بە هیچ شێوەیەک پڕۆژەکان دواناخەین بۆ باشترکردنی ئاو، کارەبا و رێگەوبان".
 
عەلی زەیدی گوتیشی، دابینکردنی "یەکسانی و دادپەروەری" کاری لەپێشینەی کابینەکەی دەبێت.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، "عێراق بە ئاڵنگارییەکی زۆردا تێدەپەڕێت و هەموو کارێک دەکەین بۆ باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییان".
 
ئەمڕۆ شەممە 16ی ئایاری 2026 لە رێوڕەسمێکی فەرمیی وەرگرتن و رادەستکردنی ئەرکەکاندا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، عەلی فالح زەیدی بە فەرمی وەک سەرۆکی حکومەتی نوێ دەستبەکاربوو.

 

 
کابینە وەزارییەکەی عەلی فالح زەیدی، لە 23 وەزارەت پێکهاتووە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 14ی ئایار، 19 بەربژێری وەزیر برانە پەرلەمان، دەنگ بە 18یان درا و 14یان پەسندکران. یەکێکیان (وەزیری ناوخۆ) دواخرا و چواریش ماون بخرێنە دەنگدانەوە.
 
ئەو وەزیرانەی متمانەیان پێدرا:
 
- خالید شوانی، وەزیری  داد - یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
- فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە - پارتی دیموکراتی کوردستان
- عەبدولڕەحیم شەممەرى، وەزیری  کشتوکاڵ - ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
- مستەفا جەبار سەنەد، وەزیری  گەیاندن - ئەبشیر یا عێراق
- عەبدولکەریم عەبتان جبووری، وەزیری پەروەردە - تەقەدووم
- سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگە - نەوەی نوێ
- مستەفا عانی، وەزیری بارزگانی - هاوپەیمانی سیادە
- وەهب حەسەنی، وەزیری گواستنەوە - رێکخراوی بەدر
- محەممەد کەربوولی، وەزیری پیشەسازی - تەقەدووم
- فالح ساری عەبداشی، وەزیری دارایی - رەوتی حیکمە
- عەلی سەعد وەهیب، وەزیری  کارەبا - ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
- عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری تەندروستی - نەهجی نیشتمانی
- موسەننا تەمیمی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو - رێکخراوی بەدر
- باسم محەممەد خزەیر، وەزیری  نەوت - ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان