مالیکی، عامری، حەموودی، فەییاز و ئەسەدی هاوپەیمانییەک پێکدەهێنن
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان دەڵێ، (هاوپەیمانیی بەهێزەکان) لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکدەهێنرێ. سەرکردەیەکی دیکەی ئەو هاوپەیمانییەش شیعەیە دەڵێ، چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەک خۆی دەمێنێتەوە.
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، رۆژی شەممە 16ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە مەبەستی رێگریکردن لە بڕیاردانی تاکلایەنە و پاراستنی هاوسەنگی لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هاوپەیمانییەک بەناوی (هاوپەیمانیی بەهێزەکان) پێکدەهێندرێ".
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، ئاراستەیەک لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دروستبووە بە ئاراستەی بڕیاری تاکلایەنە هەنگاو دەنێ کە پێکهاتوون لە "هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی محەممەد شیاع سوودانی، رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عەمار حەکیم و سادیقوونی قەیس خەزعەلی".
ئەبو میساق مەساری، روونیکردەوە هاوپەیمانییە نوێیەکە پێکدێت لە دەوڵەتی یاسا ( نووری مالیکی)، رێکخراوی بەدر (هادی عامری)، ئەبشیر یاعێراق ( هومام حموودی)، عەقدی نیشتمانی (فالح فەییاز) و بزووتنەوەی سۆمەریون ( ئەحمەد ئەسەدی) لەگەڵ هاوپەیمانی عەزم و پارتی دیموکراتی کوردستان قسە کراوە بۆ دروستکردنی هاوئاهەنگیی پەرلەمانی.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی رێکخراوی بەدر ئاماژەی بەوەکرد، هەریەک لە فالح فەییاز و ئەحمەد ئەسەدی لە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی محەممەد شیاع سوودانی کشانەوە و پەیوەندیان بەو هاویمانییە نوێیە کردووە.
ئەبو میساق مەساری، رەتیکردەوە ئەمە "لێکتێزان و لەتبوونی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێت، بەڵکو بۆ راگرتنی هاوسەنگی و رێگریکردنە لە بڕیاردانی تاکلایە ئەو هاوپەیمانییە پێکدێت".
هەر لەوبارەوە، محەممەد حوسام حوسێنی، سەرۆکی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی رەوتی حیکمەی نیشتمانی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو رەوتە ئەمڕۆ بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو دابەشبوونانە لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی نوێ نییە و لە رابردوودا چەند جارێک روویداوە، لەوانە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ژمارەیەک پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا جیابوونەوەی پەیوەندییان بە هاوپەیمانییەکەی سوودانی کرد".
محەممەد حوسام حوسێنی، پێیوایە "ئەو دابەشبوونەوە پەیوەندیی بە چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە هێزە سیاسییەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە. ئەمە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دابەش و پەرشو بڵاو ناکاتەوە و دەمێنێتەوە".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتی یاسا دوو وەزیریان هەیە شایستەیان پارێزراوە، راستە لە دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی پەرلەمانی عێراق دەنگیان لەسەر نەدرا، بەڵام شایستەیان ماوە و لە داهاتووە پەسند دەکرێت، هەندێک هێزی دیکە ئاستەنگ بۆ دروست بووە بۆ بەشداریکردن لە حکومەت ، نازانێت ئەو ئاستەنگییە چارەسەر دەبێت، یان نا.
هەردوو فراکسیۆنی عەقدی نیشتمانی و بزووتنەوەی سۆمەرییون کشانەوەیان لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان راگەیاند، کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى پێشوو، سەرۆکایەتی دەکات، ئەو دوو فراکسیۆنە هۆکارەکەیان گەڕاندەوە بۆ ئەو پشێوییەی لە کۆبوونەوەی متمانەدان بە حکومەت لە پەرلەمان دروست بووە.
رۆژی هەینی 15ی ئایاری 2026، ئەو دوو فراکسیۆنە لە راگەیێنراوێکدا کشانەوەیان لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان راگەیاند.
ئەو دوو فراکسیۆنە رایانگەیاندووە، کشانەوەیان بەهۆی ئەو دۆخە بووە کە لە کۆبوونەوەی 14ی ئایاری پەرلەماندا روویداوە، بەهۆی پەشیمانبوونەوە لە رێککەوتنە سیاسییەکان و پەشیمانبوونەوە لە بەڵێنەکان و ئەو پەیماننانەى کە پێشتر سازانیان لەسەر کراوە؛ ئەوە جگە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی پەراوێزخستن بەرامبەر بە ژمارەیەک لە نوێنەرانی گەل، کە بە شێوەیەک ئەو هەڵسوکەوتانە لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی و هاوبەشیی نیشتمانی ناگونجێت، کە دەبوو لە پەرلەمان کاری پێ بکرێت.
لە دانیشتنی پێنجشەممەی پەرلەمانی عێراقدا، دەنگ بە بەربژێری 14 وەزارەتى کابینەى نوێى حکومەت درا و چواری دیکەیان رەت کرانەوە.
ئەو دوو فراکسیۆنە رایانگەیاندووە: "هەوڵی سەپاندنی بەربژێرە دەستنیشانکراوەکان هەبووە لەو کەسانەی کە گەل متمانەی پێیداون و بە عەقڵییەتی کەسی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکان دەکرێت و بەرژەوەندیی کەسی سەپێنراوە بەسەر بەرژەوەندیی نیشتمانیدا، ئەوەش وای کرد کە دۆخێکی بێسەروبەری و دڵەڕاوکێ لە پەرلەمان رووبدات، کە سەرکردایەتیی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بەرپرسیارییەتیی بەشێکی هەڵدەگرێت."
فراکسیۆنی عەقدی نیشتمانی لەلایەن فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییەوە سەرۆکایەتیى دەکرێت و فراکسیۆنی سۆمەرییون لەلایەن ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە سەرۆکایەتى دەکرێت.