YPG: بە بڕیاری حكومەتی عێراق هاتووینەتە رەبیعە

یوسف ئەحمەد
رووداو- دهۆك

بەڕێوەبەری بانكی رەبیعە رایدەگەیەنێت دوای گرتنی موسڵ لەلایەن چەكدارانی داعش، خاڵی گومرگی رەبیعە بە بانكەكەیەوە كەوتە دەست یەكینەكانی پاراستنی گەلی سەر بە PYD و تاوەكو ئێستاش چارەنووسی ئەو پارەیەی لە بانكەكەدا بووە دیار نییە.

دەروازەی رەبیعە كە سەر بەپارێزگای موسڵە و دەكەوێتە نێوان عێراق و سووریا، ئێستا دیوی لای سووریای بەدەست YPG و دیوی لای عێراقیشی بەدەست هێزی پێشمەرگەوەیە. دوای گرتنی موسڵ لەلایەن داعشەوە هێزەكانی YPG بە چەند سەعاتێك پێش پێشمەرگە گەیشتنە دەروازەكە و كۆنترۆڵیان كرد.

پێش تێكچوونی رەوشی سووریا، رەبیعە دەروازەیەكی گرنگی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بوو لە نێوان عێراق و سووریا.
دوای تێكچوونی بارودۆخی پارێزگای موسڵ، YPG توانی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ دیمەشق و بەغدا بقۆزێتەوە و هەنگاو بۆ ناو خاكی عێراق بهاوێژێت. سەرچاوەیەك لە هەواڵگری لیوای هەشتی پێشمەرگە كە ئێستا لەو دەڤەرە پێشمەرگەكانی بڵاوكردووەتەوە، بە (رووداو)ی گوت "شاندی دانوستاندنكاری PYD لە گومرگی رەبیعە پێیانڕاگەیاندین كە ئەوان لەسەر داوای حكومەتی عێراق هاتوونەتە نێو گومركی رەبیعە و هەر بە بڕیاری ئەوانیش دەردەچن".

شاندەكەی PYD بە شاندەكەی گومرگ و پێشمەرگەی راگەیاندووە كە لیژنەیەكی هەماهەنگی لە ئاستی باڵا هەیە، ئەوان و حكومەتی عێراق رێككەوتوون لەسەر گرتنی گومرگەكە، تاوەكو لە هێزەكانی داعش بیپارێزن.

پێشمەرگە و بەڕێوەبەرێتی پۆلیسی گومرگی رەبیعە سێ جار لەگەڵ شاندی YPG كۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە  دواوە كە نزیكەی 100م هاتوونەتە نێو خاكی عێراق، تاوەكو فەرمانبەرەكان بتوانن دەوام بكەن.

هاشم سیتەیی، بەرپرسی لیوای هەشتی پێشمەرگە بە (رووداو)ی گوت كە ئەوان هەوڵیانداوە هێزەكەی YPG بگەڕێتەوە شوێنەكانیان، بەڵام تائێستا نەگەڕاونەتەوە.

پارەی بانكەكە چی بەسەرهات؟

فەهمی سلێمان، بەڕێوەبەری گومرگی رەبیعە بە (رووداو)ی رایگەیاند كە "ئەو شوێنەی ئێستا هێزەكانی YPG ی لێیە، بانكەكە لەنێو ئەو سنوورەدایە، بەڵام ئێمە تا ئێستا نازانین ئەو پارەیەی تێیدا بووە چی لێهاتووە". ناوبراو بڕی پارەكەی ئاشكرا كرد و گوتی "نزیكەی 400 ملیۆن دیناری عێراقییە".

هەر بەپێی زانیاری هەواڵگری لیوای هەشتی پێشمەرگە، نزیكەی 30 ئۆتۆمبێل لە گومرگەكە بوون كاتێك لەلایەن حكومەتی عێراقەوە چۆڵكراوە، بەڵام دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگە گەیشتە گومرگەكە، ئەو ئۆتۆمبێلانە دیارنەماون و نازانرێ كێ ئۆتۆمبێلەكانی بردووە.