ئەنجوومەنى پەرەپێدانى کەرتى تایبەتى عێراق بۆ سوودانى: بە پێناسى نوێى گومرگدا بچنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنى پەرەپێدانى کەرتى تایبەت لە ئەمیندارێتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق داوا لە محەممەد شیاع سوودانى دەکات چاو بە جێبەجێکردنى پێناسى نوێى گومرگدا بخشێندرێتەوە و دەڵێت، "هەڵوێستێکى فەرمى لەلایەن بەرپرسانى هەرێمى کوردستان بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکە نییە، ئەوەش دەبێتە هۆى جیاوازى لە جێبەجێکردنى ئەو بڕیارە لە دەروازە سنوورییەکان."
 
لە نووسراوێکدا کە عەبدوڵڵا جبوورى، جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى پەرەپێدانى کەرتى تایبەت لە ئەمیندارێتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق ئاراستەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراقی کردووە، ئاماژە بەوە کراوە، گرنگە پەلە نەکرێت لە جێبەجێکردنى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق تایبەت بە نرخى نوێى رسوماتى گومرگ لە دەروازە سنوورییەکان.
 
ئەو نرخە نوێیە بەگوێرەى بڕیارى ژمارە 270ى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق لە 1ى حوزەیرانى 2025ـەوە دەست بە جێبەجێکردنى کراوە.
 
لەو نووسراوەدا تێبینیى ئەنجوومەنى پەرەپێدانى کەرتى تایبەت لەسەر نرخى ئەو گومرگە خراوەتەڕوو، بەوەى نوێنەرى کەرتى تایبەت لەو لیژنەیەدا نەبووە کە پێشتر لە ساڵى 2024 پێکهێندراوە بۆ دیاریکردنى رسوماتى نوێى گومرگ، ئەوەش جگە لەوەى نرخى گومرگى سەر کاڵاکان ورد نەبووە و پشت بە نرخ لە بازاڕى نێوخۆ بەستراوە، ئەوەش پێچەوانەى یاسای گومرگە کە دەبێت پشت بە لیستى بازرگانى ببەسترێت وەکو بنەماى دیاریکردنى  گومرگ.
 
یەکێکى دیکە لە تێبینییەکانى ئەنجوومەنەکە لەسەر نرخى نوێى گومرگ ئەوەیە، چەند کاڵایەکى پشتگوێخستووە و ئەوەش ناڕوونى لە رێوشوێنەکان دروستکردووە، کە وادەکات هاوردەکاران خەمڵاندنى ناڕێکیان هەبێت.
 
تاوەکو ئێستا هەرێمى کوردستان نەچووەتە ژێربارى ئەو پێناسە گومرگییانە کە لە سیستمى ئەسیکۆدا جێگیر کراون، لە کاتێکدا هەرێمى کوردستان نەچووەتە نێو ئەو سیستمەى عێراق پەیڕەوى دەکات بۆ بەئەلیکترۆنیکردنى بازرگانى.
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "هەرێمى کوردستان ئەو پێناسە گومرگییە نوێیەى حکومەتى فیدراڵیى جێبەجێ نەکردووە، هاوردەکاران ناچار دەبن دوو گومرگ بدەن؛ بۆیە لە بازگەکانى نێوانیان جیاوازیى ئەو پارەیە وەردەگیرێت کە لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان وەرگیراوە، بە بەراوردکردنى لەگەڵ بڕى پارەى گومرگ کە بەغدا دیاریکردووە." 
 
لە نووسراوەکەى ئەنجوومەنى پەرەپێدانى کەرتى تایبەتدا هاتووە، "هەڵوێستێکى فەرمى لەلایەن بەرپرسانى هەرێمى کوردستان نییە بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکە، ئەوە دەبێتەهۆى جیاوازى لە جێبەجێبکردنى ئەو بڕیارە لە دەروازە سنوورییەکان."
 
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان رایگەیاند، "ئەو هەنگاوە بە پاساوى پاراستنى بەرهەمى نێوخۆییە، بەڵام ئەوە وایکردووە نرخى کاڵا بەرز ببێتەوە، بەو پێیەى گومرگى زۆرینەى کاڵاکان بۆ دوو ئەوەندە زیاد کراوە."