دەیان خێزانى داواکراوى عێراقیى داعش لە رۆژئاواى کوردستان "ناوێرن بگەڕێنەوە"

 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 38 خێزانى عێراقى لە کەمپێکى رۆژئاواى کوردستانن کە لەلایەن بەغداوە وەکو داعش داواکراون و "ناوێرن بگەڕێنەوە."
 
ئەو خێزانە عێراقییانە لە کەمپى رۆژ لە سنووری شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستانن، کە لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)دایە.
 
سەرچاوەیەکى باڵاى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "تاوەکو ئێستا 46 خێزان لەو عێراقییانەى لە کەمپى رۆژ بوون، گەڕێندراونەتەوە، بەڵام 38 خێزانى دیکەیان لە کەمپەکە ماون."
 
ئەو سەرچاوەیە، کە لەبەر هەستیاریى بابەتەکە نەیویست ناوى بڵاوبکرێتەوە، گوتیشی، "گەڕانەوەیان پێویستى بە وردبینیى ئەمنى و رێوشوێنى دەزگا ئەمنییەکانى عێراقە."
 
کەمپى رۆژ نزیکەى 2600 کەسى تێدایە کە 900 یان ژنن و زۆرینەیان هاوژینەکانیان لەگەڵیاندان کە چەکدارى داعش بوون؛ بۆیە ئەو خێزانە عێراقییانەى لەوێن، لەلایەن بەغداوە داواکراون.
 
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "زۆربەى ئەو خێزانانەى خەڵکى شارى موسڵن و داواکراون، کە دەگەڕێندرێنەوە لە نەینەوا نامێننەوە و دەگوێزرێنەوە بۆ بەغدا."
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى رووداو دەستیکەوتووە، رێککەوتنى بەرپرسانى عێراق و هەسەدە بۆ گەڕانەوەى خەڵکی کەمپى هۆل بە شێوەیەکە کە لەگەڵ هەر کاروانێکی گەڕانەوەى خێزانەکانى ئەو کەمپە، کە کەسوکارى چەکدارانى داعشن، ژمارەیەک داواکراوى عێراقییش لە کەمپەکانى دیکەى ژێر دەسەڵاتى ئەو هێزە رادەستبکرێتەوە.
 
11ى کانوونى دووەمى 2025 دەزگا ئەمنییەکانى عێراق و هەسەدە رێککەوتن کە لەگەڵ گەڕانەوەى سێ کاروانى کەسوکارى چەکدارانى داعش، 200 چەکدارى ئەو رێکخراوەش رادەست بکرێن کە لەلایەن بەغداوە داواکراون.
 
شێخ مووس ئەحمەد، سەرپەرشتیارى کەمپەکانى رۆژئاواى کوردستان بە رووداوى گوت، "ئەو خێزانە عێراقییانە لە کەمپى رۆژ ناوێرن بگەڕێنەوە، ترسیان لە تۆڵەسەندنەوەى گرووپە چەکدارەکان و رێوشوێنەکانى عێراق بەرامبەریان هەیە."
 
بەشێک لەو خێزانانە پیاوەکانیان عێراقی و ژنەکان خەڵکى وڵاتى دیکەن؛ بەڵام بەغدا تەنیا ئەوانە وەردەگرێتەوە کە عێراقین.
 
سەرپەرشتیارى کەمپەکانى رۆژئاواى کوردستان گوتیشی، "چەند کاروانێک لە خێزانە عێراقییەکانى کەمپى رۆژ گەڕاونەتەوە، بەڵام هەندێکیان لە کەمپەکە دەرچوون، نەگەڕاونەتەوە عێراق و چوونەتە شوێنى دیکە."
 
حکومەتى عێراقى بەردەوام داواى داخستنى ئەو کەمپانە دەکات کە لە رۆژئاواى کوردستانن؛ هەروەها گوشار دەکات بۆ گەڕانەوەى ئەو عێراقییانەى نێو کەمپەکانى رۆژئاواى کوردستان کە بە مەترسییان دەزانێت، چەند جارێکیش داواى لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ئەو کەمپانە دابخات.
 
14ی ئایاری 2025 سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەکی لە بارەى هەردوو کەمپى هۆل و رۆژ لە رۆژئاواى کوردستان بۆ محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق نارد و تیایدا باسى لە گرنگى دەستەبەرکردنى پێداویستیەکان کرد بۆ شیاندنەوەى ئەو خێزانانەى دەگەڕێنەوە، بەشێوەیەک هاوتەریب بێت لەگەڵ یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.