نەتەنیاهوو: ئێران لای ئێمە بووەتە غەززە و باشووری بەیرووت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "لای ئێمە ئێران بووەتە غەززە و باشووری بەیرووت،" هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلیش ئاسمانی ئێرانی "کۆنترۆڵ کردووە."
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە 16ی حوزەیران چەند لێدوانێکی لەبارەی پێکدادانەکانیان لەگەڵ ئێران دا. لە بەشێکی قسەکانیدا داوای لە دانیشتووانی تاران کرد، "شارەکە جێبهێڵن."
 
بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەوان نزیک دەبنەوە لە "بەدەستهێنانی دوو ئامانج، کە ئەوانیش لەنێوبردنی هەڕەشەی ئەتۆمی و هەڕەشەی مووشەکیی [ئێرانە]."
 
نەتەنیاهوو گوتیشی، "نزیک دەبینەوە لە سەرکەوتن، ئەمەش بەهۆی فڕۆکەوانە پاڵەوانەکانمانەوە و تیمە زەمینییەکانمان بەدەستهاتووە، کە کارێکی نایابیان کردووە."
 
هاوکات یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەی کرد، "خەڵکی تاران بەمزووانە باجی ئەوە دەدەن" کە خەڵکی مەدەنیی ئیسرائیل لەلایەن سوپای ئێرانەوە لە هێرشە مووشەکییەکان کراونەتە ئامانج؛ بەڵام دواتر لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "هیچ نیازێکمان نییە زیان بە خەڵکی مەدەنیی تاران بگەیێنین، وەک ئەوەی ئێران بەرامبەر خەڵکی مەدەنیی ئێمە دەیکات."
 
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 13-06-2025 سوپای ئیسرائیل بە بەکارهێنانی سەدان فڕۆکەی جەنگی و درۆن هێرشێکی فراوانی کردە سەر ئێران، بەهۆیەوە چەندین سەرکردەی سەربازی، زانای ئەتۆمی و هاووڵاتیی مەدەنیی ئێرانی کوشت. میدیاکانی ئێران باس لەوە دەکەن کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 کەس کوژراون، سەدانی دیکەش بریندارن.
 
هەر رۆژی 13ی حوزەیران، سوپای ئێران بە هێرشێکی مووشەکی وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە و تەلئەڤیڤی مووشەکباران کرد، جگە لە زیانی مادی، زیانێکی گیانیی زۆریشی لێکەوتەوە، کە تاوەکو ئێستا لانیکەم 20 هاووڵاتیی ئیسرائیلی کوژراون و سەدانی دیکەش بریندارن.
 
هێرشکردنە سەر یەکدی لەلایەن سوپای ئیسرائیل و سوپای ئێرانەوە بەردەوامە و هەردوولاش بەردەوامن لە هەڕەشەکردن لە یەکدی.