دەستپاکیی عێراق بۆ رووداو: بەمنزیکانە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، هاوکاری و هاوئاهەنگییان لەگەڵ دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان هەیە و دەشڵێت، بەمنزیکانە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن.
 
دادەر حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق رۆژی 16-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستەی دەستپاکیی عێراق هاوکارە، بۆ ئەوەی لەژێر چەتری یەک نیشتماندا دەستکەوت بەدەستبهێنین کە کۆماری عێراقە، تاوەکو بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە هاوسەنگی و پێکەوەیی لە سەرجەم پاریزگاکانی عێراق بکرێت". 
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: "هەرێمی کوردستان خوازیارە بەشێوەیەکی راستەقینە بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە، تا خەڵک لە هەرێمی کوردستان یان پارێزگاکانی دیکە لە گەندەڵی رزگار بێت. گەندەڵیش یەک کەس ناگرێتەوە و دوژمنی هەمووانە" .
 
دادوەری حەیدەر حەنوون رۆژی سێشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2022، بووە سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق لە شوێنی دادوەر عەلا ساعدی، دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی ساعدی پەسندکرد.