پەیامێک لە سەدرەوە بۆ حیزبەکەى مالیکى

رووداو دیجیتاڵ 

رێبەرى رەوتى سەدر لە پەیامێکدا سوپاسى حیزبى دەعوە دەکات کە نوورى مالیکى سەرۆکایەتى دەکات، ئەوەش لە بەرامبەر راگەیێندراوێک کە ئەو پارتە دەریکردووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 16ى تەممووزى 2023، ساڵح محەممەد عێراقى، وەزیرى موقتەدا سەدر لە تویتێکدا پەیامێکى رێبەرەکەى بڵاوکردەوە، کە تێیدا سوپاسی حیزبى دەعوە دەکات لە بەرامبەر بڵاوکردنەوەى راگەیێندراوێک بۆ پاڵپشتیکردن لە دەرکردنى یاسایەک بۆ رێگریکردن لە هەر ھێرشێکى "ناڕەوا" بۆسەر پیاوانى ئایینى.
 
لە پەیامەکەدا کە لەسەر زارى موقتەدا سەدر هاتووە، ئاماژە بەوە کراوە کە سەدر راگەیێندراوەکەى حیزبى دەعوەى بینیوە کە "دوور لە تێڕوانینى گەورەکەیان (نوورى مالیکى) و گرووپەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە" و سوپاسى کردوون لەبەرامبەر پشتگیریکردنیان لە دەرکردنى ئەو یاسایە.
 
رۆژی 15ى تەممووز چەند زانیارییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە کە گوایە سەر بە حیزبى دەعوەن و تێیاندا هاتبوو، محەممەد سادق سەدر، باوکى موقتەدا سەدر پەیوەندى لەگەڵ حیزبى بەعس هەبووە و ئەوەش ناڕەزایی رەوتى سەدرى لێکەوتەوە و لە چەند شارێکى باشوورى عێراق لایەنگرانی چوونە سەر بارەگاکانى حیزبى دەعوە.
 
رۆژی 16ى تەممووز حیزبى دەعوە لە راگەیێندراوێکدا داوای لەپەرلەمانى عێراق کرد، یاسایەک دەربکات بۆ رێگرى لە بێڕێزیکردن بە مەرجعەکانى شیعە.  
 
ئەوە لەکاتێکدایە، نوورى مالیکى، سەرۆکى حیزبى دەعوە لەراگەیێندراوێکدا رەتیکردەوە لایەنگرانى حیزبەکەى لەپشت بڵاوکردنەوەى ئەو زانیاریانەوە بووبن و رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانە لە "بەرژەوەندى گەلى عێراق و مەزهەبی شیعەدا نیین".