ئەمڕۆ سوودانی سەردانی موسڵ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کردنەوەی چەند پرۆژەیەک سەردانی موسڵ دەکات.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری پارێزگای نەینەوا و محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تەمموزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کردنەوەی ژمارەیەک پرۆژە سەردانی موسڵ دەکات .
محەممەد جاسم کاکەیی گوتی، دیارترین ئەو پرۆژانەی کە سەرۆکوەزیران دەیکاتەوە، بریتین لە: فڕۆکەخانەی موسڵ، مزگەوتی نووری و منارەی حەدبا، نەخۆشخانەی لەدایکبوونی 200 قەرەوێڵەیی، کردنەوەی گەورەترین نەخۆشخانەی فریاکەوتنی 100 قەرەوێڵەیی، هەروەها بەردی بناخەی پاڵاوگەی حەمام عەلیل دادەنێت.
بە گوتەی شێروان دووبەردانی، هەر لەو سەردانەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، هۆتێل رەمادا و ژمارەیەک پرۆژەی نەوتی و کارەبا دەکاتەوە. هەروەها کاژێر 12:00ی نیوەڕی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هۆڵی گەورەی زانکۆی موسڵ بەبۆنەی کردنەوەی فڕۆکەخانەی موسڵ بۆنەیەک رێکدەخرێت.
بڕیاربوو 10ى حوزەیران فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵ بە گەشتێکى فڕۆکەوانیى محەممەد شیاع سوودانى بۆ فڕۆکەخانەکە بکرێتەوە، کە یادى 11 ساڵەى داگیرکردنى شارى موسڵ بوو، لەلایەن رێکخراوى داعش لە ساڵى 2014، بەڵام دواخرا.
رۆژی 10ـی ئابى 2022، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى ئەو کاتەى عێراق بەردى بناخەى نۆژەن و ئامادەکردنەوەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵى دانا، کە لە پرۆژەیاسای بودجەى 2021 بڕیارى نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنى درا و لەلایەن دوو کۆمپانیاى فەرەنسی و سعودیەوە جێبەجێ دەکرێت.
فڕۆکەخانەى موسڵ لە ساڵى 1920 دەست بە بنیاتنانی کراوە و رووبەرەکەى 1600 دۆنمە.
بودجەى ئەو پڕۆژەیە 200 ملیار دینارە و نیوەى لە پارەى بلۆککراوى پێشووى پارێزگاى نەینەوایە، لە سەردەمى شەڕى داعش و نیوەکەى دیکەى لە بودجەى یاسای پاڵپشتیى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان دابین کراوە.