لینکی دامەزراندنی یەکەمەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵای عێراق کارا دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لینکی خۆتۆمارکردنی یەکەمەکانی 2024-2025 و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا کارا دەکرێت؛ ئەوانەش دەگرێتەوە کە خەڵکی ناوچەی مادەی 140ـن و لە هەرێمی کوردستان خوێندوویانە.
ئەمڕۆ موحیی قەزوێنی، سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق کردنەوەی سیستمی کۆدی بۆ دامەزراندنی بەشی سێیەمی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا راگەیاند.
سەعد لامی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر لەم هەفتەیەدا لینکەکە لە پەڕەی فەرمیی ئەنجوومەنەکەمان بڵاودەکرێتەوە و دەرچووان دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن."
بە گوتەی لامی، "دامەزراندنەکە سەرجەم یەکەمەکانی ساڵی 2024-2025 دەگرێتەوە."
گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژە ئاماژەی بەوە کرد، دامەزراندنەکە ئەو یەکەمانەش دەگرێتەوە، کە خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140ـن و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانن، بۆ ئەم مەبەستەش هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی راژەی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ساڵی 2023، 43 هەزار کەس لە هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و یەکەمەکان دامەزرێندران. بە گوتەی لامی، تاوەکو ئێستا دیارنییە یەکەمەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا ژمارەیان چەندە و دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەی پڕکردنەوەی فۆرمەکان ژمارەکە دەردەکەوێت. گوتیشی، "پڕکردنەوەی فۆرمەکان لە رێگەی لینکێکی تایبەتی ئەنجوومەنەکەمان دەبێت بەشێوەی ئۆنڵاین و بۆ ماوەی مانگێک کارا دەبێت."