سوودانی: عێراق بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکە بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت لە ناوچەیەکدا کە گۆڕانکاریی مەترسیداری بەخۆیەوە بینیوە.
 
ئەو گوتانەى محەممەد شیاع سوودانى لە کۆبوونەوەیەکیدا بوو لەگەڵ  ئاکادیمیستان و کەساتیەکانى پارێزگاى نەینەوا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 16ى تەمموز لە زانکۆى موسڵ کرا.
 
سوودانى گوتى، "عێراق بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت لە ناوچەیەکدا کە رووبەڕووی پێشهاتی مەترسیدار بووەتەوە، ئێمە دەستمان بە هەڵوێستە بنەڕەتییەکانمانەوە گرتووە لەنێو ئەو ململانێیانەی ناوچەکە بەخۆیەوە دەیبینێت".
 
سەردانى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ نەینەوا بۆ کردنەوەى فڕۆکەخانەى موسڵ و وێستگەى کارەباى گەیارە بوو کە ئەوە چوارەم سەردانى بوو بۆ ئەو پارێزگایە لە دواى دەستبەکاربوونى وەک سەرۆکوەزیران لە ساڵى 2022.
 
سوودانی، لەبارەى بەگەڕخستنی فڕۆکەخانەکە رایگەیاند: "حکومەت هەموو تواناکانى دەخاتە گەڕ بۆ دابینکردنى نوێترین ئامێر و تەکنەلۆژیا، کارمەندى پسپۆڕ بۆ فڕۆکەخانەى موسڵ و لە ماوەی کەمتر لە 60 رۆژدا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک دەکرێت بۆ بەگەڕخستنی فڕۆکەخانەکە و فەرمانى بە سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی کردووە بۆ تەواوکردنی پێدانی مۆڵەتی فەرمی، تاوەکو فڕۆکەخانەکە بەپێی پێوەر و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بێت."
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەی بە پڕۆژەی پاڵاوگەی نەینەوا کرد و گوتی: "پرۆژەی پاڵاوگەکە دەستیپێکردووە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی و گەیشتن بە خۆبژێوی لە بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگاکە و بەمزووانە دەکرێتەوە."
 
سوودانی لەبارەی وێستگەی کارەبای گەیارەش گوتی، "کارکردن لە وێستگەکە دەستیپێکردووە، کە 375 مێگاوات کارەبا بۆ سەر وێستگەی باکوور زیاد دەکرێت و تواناکەی دەکاتە 750 مێگاوات".