لەبارەی بودجە و داهات، میوانداریی وەزیری دارایی عێراق دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی تەیف سامی، وەزیری دارایی دەکات، بۆ تاوتوێکردنی هۆکاری دواکەوتنی خشتەکانی بودجەی 2025 و قەبارەی داهات و خەرجی ئەم ساڵ.
بەگوێرەی نووسراوێک کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ی تەممووزی 2025، لەلایەن عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ئاراستەی تەیف سامی کراوە، داوای لێکراوە رۆژی 20ی تەممووز لە لیژنەکەیان ئامادەبێت.
لە داواکارییەکەدا 11 خاڵ دیاریکراون کە لەو میواندارییەدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، یەکێکیان هۆکاری دواکەوتنی خشتەکانی بودجەی 2025ـی عێراقە، کە تاوەکو ئێستا نەنێردراوەتە پەرلەمان بۆ پەسندکردنی.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خشتەی بودجەی ئەم ساڵ زۆر دواکەوتووە و دواکەوتنەکەشی نایاساییە، بەڵام ئەگەر هەیە پاساویان ئەوە بێت کە بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵە و مەرج نییە ساڵانە خشتەکەی بنێردرێت."
بەگوێرەی داواکاریی میواندارییەکە، چەند پرسێک لەگەڵ وەزیری دارایی تاوتوێدەکرێن، لەوانە: قەبارەی داهاتی نەوتی و نانەوتی، خەرجیی رەوان و وەبەرهێنان، قەبارەی قەرزی دەرەکی و ناوخۆ، پەرەپێدانی بانکە حکومییەکان و بەئەلیکترۆنیکردنی سیستمی گومرگ و باج.
لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، خەرجییەکانی عێراق گەیشتووەتە 37.6 تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا داهات 28 تریلیۆن دینار بووە.