دەستەى گشتیی باجى عێراق کار بە باجى کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەى گشتیى باجى عێراق رێگە بە کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان دەدات بە پشتبەستن بە ئەستۆپاکى باج لە هەرێمى کوردستان، کاڵا لە دەروازە سنوورییەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵ هاوردە بکەن و ناسنامەى باجیان بۆ دروست دەکرێت، ئەو کۆمپانیایەى لە سیستمى ئەسیکۆدا نییە لە برى دوو باج لە بەغدا و هەولێر یەک باج دەدەن.
 
بە گوێرەى نوسراوێکى دەستەى گشتیى باجى عێراق، کە 14ى ئەیلوولى 2025، بۆ هەموو لقەکانى ئەو دەستەیەى ناردووە، چۆنێتى مامەڵەکردنى لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەى هەرێمى کوردستان روون کردووەتەوە کە لە دەروازە سنوورییەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵ کاڵا هاوردە دەکەن. 
 
نووسراوەکە 8 خاڵە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە لە کاتى تۆمارکردنى کۆمپانیاکانى هەرێمى کورستان لە وەزارەتى بازرگانیى فیدڕاڵ، پشت بە دۆسیەکانیان دەبەسترێت کە لە هەرێمى کوردستان هەیانە و تۆمارکراون.
 
بە گوێرەى نووسراوەکە، کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان ئەستۆپاکى باج و زانیاریى دارایی لە هەرێمى کوردستان پێشکێش بە لقەکانى دەستەى گشتیى باجى عێراق دەکەن کە پاڵپشتى ئەوە بکات باجی دوایین ساڵیان پاکتاو کردووە و ئەو زانیارییانە هاوپێچ لەگەڵ بارکۆد لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنى هاوبەش لەو دەستەیە و نوێنەرایەتیى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا بنێردرێت. 
 
لە بڕیارەکاندا هاتووە هەر کۆمپانیایەک لە هەرێمى کوردستان لە دەروازە سنوورییەکانى عێراقەوە کاڵا هاوردە بکات، پسوولەى بازرگانیى تایبەت بەو هاوردەکردنە پێشکێش دەکات کە دەیەوێت هاردەى بکات بۆ ئەوەى سپاردە داراییەکەى دیاری بکرێت تاوەکو ئەو کاتەى سیستمى ئەسیکۆدا دەخرێتەکار و، دواتر ئەو سپاردە داراییە دەدرێتە دەستەى گشتى باج و دەبێت هاوردەکار قەبارەى کاڵا  هاردەکراوەکەى پەسەند بکات کە دەیەوێت لەو دەروازەکانەوە هاوردەى بکات و بەرپرسیارێتى ئەوەش هەڵبگرێت. 
 
سێشەممە، 16ى ئەیلوولی 2025، حامید هەرکی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی، بە رووداوی راگەیاند: بەگوێرەى ئەو بڕیارە نوێیە دەبێت کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان تەواوى وردەکاریى ئەستۆپاکى باجەکانیان بدەنە دەستەى گشتیى باجى عێراق نەک تەنیا بە ژمارە بەڵکو بە بەهەموو وردەکارییەکەیەوە.
 
دەستەى گشتیى باجى عێراق لە نووسراوەکەیدا ئاماژەى بەوەداوە کە دۆسیەى باج بۆ کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان لە بەشى کۆمپانیاکانى ئەو دەستەیە دەکرێتەوە، ژمارەى باجیان پێدەرێت ئەگەر کەس بن یان کۆمپانیا، هەروەها دۆسیە و ناسنامەى باج-یان بۆ دەکرێتەوە بەپشتبەستن بە ژمارەى تۆمارى بازرگانى تایبەت لە هەرێمى کوردستان.  
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی رایگەیاند: بەگوێرەى ئەو نووسراوە نوێیە، کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان کە کۆدیان لە سیستمى ئەسیکۆدا نییە یەک باج دەدەن نەک وەک پێشوو کە دەبوو ئەستۆپاکى باجیان لە عێراق و هەرێمى کوردستانیش بکردایە.