پڕۆژەى چارەسەرکردن و بەرهەمهێنانى گازى هاوەڵ لە حەلفایە ساڵی داهاتوو بە تەواوى دەکەوێتەکار
رووداو دیجیتاڵ
لە کێڵگەى گازی حەلفایە لە میسان کارمەندانى چینى و عێراقى پێکەوە کار دەکەن، ئامانجیان چارەسەرکردنى گازى هاوەڵى کێڵگە نەوتییەکە و بەرهەمهێنانێتى. کارە میکانیکییەکانی پڕۆژەکە لە سەرەتاى مانگى تشرینى یەکەم تەواو کراون و پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیاى پترۆ چایناى چینى جێبەجێ دەکرێت.
فانگ جیاچۆنگ، سەرۆکى تیمى کۆمپانیاى پترۆ چاینا دەڵێت، "لەنێو هەموو کۆمپانیا بیانییەکان لە عێراق، پڕۆژەى حەلفایە یەکەم پڕۆژەیە کە سەرکەوتوو بێت لە بەکارهێنانى تەواوەتیى گازى هاوڵ، پرسە سەرەکییەکە ئەوەیە کە دەکرێت سوود لە هەموو سەرچاوەکانى گازى سرووشتى ببیندرێت بە شێوەیەک کە تەواو هاوڕێى ژینگە بێت."
پڕۆژەى چارەسەرکردن و بەرهەمهێنانى گازى هاوەڵ لە حەلفایە لە نیوەى یەکەمى ساڵى 2024 بە تەواوى دەکەوێتەکار.
ئامانجى سەرەکیى پڕۆژەکە سوود بینینە لە گازى دەردراوى کێڵگەکە بۆ کەمکردنەوەى دەردانى گازى ژەهراوى و بەکارهێنانى گازەکەشی بۆ پێویستیى دیکە.
فەلاح عامرى، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، "ئێستا 35%ى گازى هاوەڵ دەسووتێت، 65%ى بەرهەم دەهێندرێت، لە ناوەڕاست تاوەکو باشوورى، 87%ى گاز لە جۆرى هاوەڵە و ئەوى دیکە لە کێڵگەى سەربەخۆى گازدایە."
کێڵگەکانى نەوتى میسان رۆژانە زیاتر لە 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن، تەنیا کێڵگەى حەلفایە رۆژانە نزیکەى 340 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمی هەیە، پڕۆژەى چارەسەرکردنى گازى هاوەڵ لەو کێڵگەیە ساڵانە 300 ملیۆن پێ سێجا گاز بەرهەم دەهێنێت.
بەگوێرەى پلانى وەزارەتى نەوت، کەوتنەکارى پڕۆژەکەى حەلفایە وادەکات ساڵانە پێنج ملیار کلیۆوات کارەبا بەرهەم بهێندرێت، ئەوەش جگە لە کەمکردنەوەى 30 هەزار تۆن لە گازى دەردراوى دووەم ئۆکسیدی کبریت کە لە ساڵێکدا لە کێڵگەکە دەردەچێت.