سوودانى داوا لە دادگەى فیدراڵیی عێراق دەکات لە بڕیارێکى پاشگەز ببێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی سکاڵایەک لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تۆمار دەکات دژ بە مادەیەکى یاساى بودجە، تێیدا داوا دەکات دادگەکە لە بڕیارێکى پێشووى خۆى پاشگەز ببێتەوە بۆ رەتکردنەوەى تانەیەکى دیکە کە لە هەمان مادە دراوە، کە تایبەتە بە چارەسەرى کێشەى پۆستەکان بە وەکالەت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 16ى تشرینى یەکەمی 2023 دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەک دەکات کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق دژى محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانی عێراق تۆماری کردووە بۆئەوەى مادەى 71ى یاسای بودجەى گشتى بە نادەستوورى بزانێت.
 
مادەى 71ى یاساى بودجەى گشتى حکومەتى عێراقى پابەند کردووە بەوەى تاوەکو 30ى تشرینى دووەمى 2023 کۆتایی بە پۆستى بە وەکالەت بهێنێت، ئەگەرنا تەواوی پارەى تەرخانکراوى فەرمانگەکە و دەسەڵاتى بەرپرسەکەى رابگرێت و لە ماوەى 30 رۆژدا دواى کۆتاییهاتنى ئەو وادەیە، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بەربژێرى سەرجەم پۆستەکانى سەرۆکى دەستە سەربەخۆکان و پلە تایبەتەکانى جۆرى ئەلف و بێ و بریکارى وەزارەتەکان و راوێژکارەکان کە بەوەکالەتن بنێرێت بۆ پەرلەمان بۆئەوەى لە ماوەى 30 رۆژدا دەنگیان لەسەر بدرێت.
 
لە 7ى ئابى 2023 دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تانەیەکى محەممەد شیاع سوودانی لەسەر چەند مادەیەکى بودجەى گشتى رەتکردەوە، کە مادەى 71 یەکێک بوو لەوان.
 
لە سکاڵاکەى ئەمڕۆدا سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کردووە دادگەى باڵاى فیدراڵى لەو بڕیارەى پاشگەز ببێتەوە، بۆ رەتکردنەوەى سکاڵا دژى مادەى 71.
 
پێشتر لە مادەى 58ی یاساى بودجەى گشتیى 2019دا، 30ى حوزەیرانى هەمان ساڵ دیاریکرابوو وەکو دوا وادە بۆ کۆتاییهێنان بە بەڕێوەبردنى سەرجەم دامودەزگاکان بە وەکالەت، جگە لە هێزە ئەمنییەکان، بەڵام ئەوکات بڕیارەکە وەکو خۆى جێبەجێ نەکرا.