وەزارەتی ناوخۆی عێراق: ساختەکارێک خۆی بە پلەی لیوا ناساندووە لە کەربەلا دەستگیرکرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، کەسێکیان لە پارێزگای کەربەلا دەستگیرکردووە، خۆی وەکو ئەفسەرێک بە پلەی لیوا لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی نیشتمانی ناساندووە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی تشرینی یەکەمی 2025، میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندی و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە پارێزگای کەربەلا، بە فەرمانی دادوەر، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە، کە خۆی وەک ئەفسەرێک بە پلەی لیوا لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ناساندووە، بە درۆ بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بەڕێوەبەرێکی گشتییە لە وەزارەتی ناوخۆ و راوێژکارە لە ئاسایشی نیشتمانی."
 
میقداد میری گوتیشی: "تۆمەتبارەکە پێشتر کارمەند بووە لە وەزارەتی ناوخۆ و لە ساڵی 2007 دەرکراوە."
 
بەگوتەی میری "لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، ژمارەیەک چەک و کەرەستەی سەربازی جۆراوجۆر، لەوانە: تفەنگێکی (جۆری ئێم فۆر)، چوار دەمانچەی جۆراوجۆر، هەروەها جلی سەربازی بە پلەی جیاواز، ناسنامەی ساختە، نامە و نووسراوی فەرمی ساختە، جگە لە وێنەی تایبەتی خۆی بە جلی سەربازی و پلەی وەهمییەوە، لای تۆمەتبار دۆزراونەتەوە."
 
میری دەڵێت "رێوشوێنی یاسایی پێویستیان بەرامبەر تۆمەتبارەکە گرتووەتەبەر و رەوانەی لێکۆڵینەوە کراوە."