شانەی راگەیاندنی ئەمنی: ئەوانەی پێشتر سەفا مەشهەدانییان کردبووە ئامانج بە لەسێدارەدان سزادراون
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی دۆسیەی 'شەهید سەفا مەشهەدانی' بەردەوامن و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانەی پێشتر کردیانە ئامانج، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، "فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، رێنمایی داوە بەدواداچوونی راستەوخۆ بۆ بابەتەکە بکرێت، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و ئامادەبوونی مەیدانیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا."
سەعد مەعن دەڵێت، "تیمێکی کاری هاوبەش پێکهێنراوە کە لایەنی تەکنیکی و هەواڵگری و شارەزایانی بەڵگەی تاوان و تەقەمەنی و هەموو ئەوانە لەخۆدەگرێت کە پەیوەندییان بە ئاشکراکردنی وردەکاریی تاوانەکەوە هەیە."
ئەو بەربژێرە، پێشووتر هەر لە بەغدا مینێکی چێندراوی پێدا تەقییەوە و بەهۆیەوە قاچێکی لەدەستدا.
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی روونیکردووەتەوە، "ئەو کەسانەی پێشتر سەفا مەشهەدانییان کردبووە ئامانج، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە."
ئاماژەی بەوەش کردووە، "لێکۆڵینەوەی قووڵ لەبارەی هۆکارەکانی ئامانجکردنەکەی ئێستا دەکرێت و کارەکان بە وردییەکی زۆرەوە بەڕێوەدەچن و بەمزووانە دەگەینە ئەنجامی روون."
سەفا حوسێن یاسین عەبدوڵڵا مەشهەدانی، بەربژێری ژمارە 26 بوو لە لیستی هاوپەیمانیی سەروەری کە هاوپەیمانییەکی سوننەکانە و خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات.
سەفا مەشهەدانی، رۆژی چوارشەممە، لە ناوچەی تارمییەی باکووری بەغدا، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە گیانی لەدەستدا.